رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، لە ساڵی نوێدا داوا لە هەموو لایەک دەکەن، بەو رووحیەتە کار بکەن، کە "رێبەر ئاپۆ" ئازاد دەبێت، پرسی کورد چارەسەر دەبێت و تورکیا و هەرێمەکە دیموکراتیک دەبن.
لە پەیامەکەی کەجەکەدا کە رۆژی سێشەممە 31-12-2024 بڵاوکراوەتەوە، باسی ساڵی رابردوو کراوە: "لە جیهان، هەرێمەکەمان و وڵاتەکەمان شەڕی دابەشکردنی جیهانی سێیەم قووڵبووەوە، زیانی گەورەی گیانی و برینداری زۆری لێکەوتەوە، ناوچەی زیاتری تەنی و بەردەوام بوو. برسێتی، توونیەتی، دەستڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزاریی تەندروستی، هەژاری، بێکاری، هەلومەرجی ژیان دژوارتر بوون و زۆر شوێنی گرتووەتەوە."
کەجەکە پێیوایە تورکیا شەڕەکانی 2024ی وەکو "دەرفەت" قۆستووەتەوە و "بۆ پاکتاوکردنی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان، هیچ شتێک نەما نەیکات. گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ درێژە پێدا، لە دژی گەریلاکان درێژەی بە بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی کیمیایی دا، دژوارترین ئەشکەنجەی لە دژی زیندانیانی ئازادیی کرد و، نکۆڵی لە مافە یاسایی و گەردوونییەکان کرد و هەموو جۆرە پێشێلکارییەکی کرد."
کەجەکە باسی رووداوەکانی ئەمدواییەی سووریا دەکات و دەڵێت: "لەگەڵ پەرەسەندنەکانی سووریا، چەتەکانی سوپای نەتەوەیی سووریا لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە بەرامبەر گەلی کورد دا، زیاتر لە سەد هەزار مرۆڤیان ئاوارەکرد، ژنان و منداڵانیان کوشت."
لە دوای ئۆپەراسیۆنەکەی چەکدارانی هەتەشە بە ناوی "بەرپەرچدانەوەی شەڕانگێزی" لە 25ی 11ی 2024 لە دژی سوپای سووریا، چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریا ئۆپەراسیۆنێکیان بە ناوی "گزنگی ئازادی" راگەیاند، بەڵام ئەوان هێرشەکانیان بۆ سەر هەسەدە چڕکردەوە و دەستیان بەسەر ناوچەی شەهبا و منبج دا گرت، ئێستا دەیانەوێت دەست بەسەر بەنداوی تشریندا بگرن، بەڵام شەڕڤانانی هەسەدە بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە.
شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی شەممە، 28-12-2024، لە گرتووخانەی ئیمراڵی کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە لە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ دەستیپێکرد و زیاتر لە 5 کاژێری خایاند.
کەجەکە دەڵێت: "ئەو دیدارە لە ئەنجامی هەڵوێستی رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی، بەرخودانی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان، گەلەکەمان و دۆستانمان لە کوردستان و تەواوی جیهان، بە ئەنجام گەیشت."
هەر سەبارەت بە دیدارەکەی ئیمراڵی و پەیامی ئۆجەلان لە دوای دیدارەکە، کەجەکە دەڵێت: "روانینەکانی رێبەرایەتیمان لە دوا رۆژەکانی ساڵی 2024دا وەک مانیفیستۆیە و لە ساڵی نوێدا دەبێتە رێنیشاندەری تێکۆشانمان."
کەجەکە لە کۆتایی پەیامەکەیدا داوا لە گەلی کورد، سەرجەم دۆستانی، و رێکخراوە جەماوەرییەکانی لایەنگری چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیبوونی تورکیا دەکات کە لەسەر ئەو بنەمایە تێبکۆشن، کە لە ساڵی نوێدا ئۆجەلان ئازاد دەبێت، پرسی کورد چارەسەر دەکرێت، ئاشتی و ئارامی هەرێمەکە و سەرتاسەری جیهان دەگرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ