رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک مێرمنداڵ لە تەمەنێکی کەمەوە فێری جگەرە کێشان بوون. رۆژانە دەچنە نێو پارکێک و دوور لە چاوی گەورەکانیان جگەرە دەکێشن.
پەیامنێری رووداو دەچێتە لایان و لێیان دەپرسێت چۆن لەم تەمەنە فێری جگەرە کێشان بوون؟
مێرمنداڵێکی جگەرەکێش دەڵێت، "ماوەی ساڵێک و مانگێکە جگەرە دەکێشم، هەمووی لەڕێگەی برادەرەوە فێر بووین و دوو رۆژ جارێک پاکەتێک دەکێشم."
مێرمنداڵەکان، تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 17 ساڵانە و سێیان قوتابیین. رۆژانە هەر یەکەیان پاکەتێک تا دوو پاکەت جگەرە دەکێشێت، هەندێکیان ڤەیپ و نێرگەلەش بەکاردەهێنن. سەرەرای ئاگادارییان لە زیانەکانی، بەڵام هێشتا دەستبەرداری نەبوون.
مێرمنداڵێکی جگەرەکێشی دیکە باس لەوە دەکات، "ئێستا لە ماڵەوە پێنج ڤەیپم هەیە، چونکە تامەکەی گرانە و بە پێنج هەزار دینارە، ناتوانم بیکڕم. باوکم دەڵێت بڕۆ تامی ڤەیپ بکڕە، دەیەوێت واز لە جگەرە کێشان بهێنم."
لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەبوونی یاسا و رێنمایی تایبەت بۆ فرۆشتن و بەکارهێنانی جگەرە، بەڵام جێبەجێ نەکردن و پابەندنەبوون پێیەوە دەرفەتی زیاتری بۆ لاوان رەخساندووە تا زیاتر فێری جگەرە کێشان بن.
دووکاندارێک لەبارەی جگەرە کێشان لەلایەن مێرمنداڵانەوە دەڵێت، "جار وایە پاکەتێک دەبەن و بە پێنج کەس دەیکێشن، لە دووکانەکە نایکێشن، بەڵام کە دەیکڕن دڵنیام بۆ خۆیانە. بەتایبەتی ئەوانەی داوای پاکەت و چەرخ دەکەن دەزانم بۆ خۆیانە، بۆیە ئەوانەی بچووکن پێیان نادەم. پێویستە حکومەت رێنماییەک بۆ دووکاندارەکان بنێرێت بۆ ئەوەی بە منداڵانی نەفرۆشین."
دووکاندارێکی دیکەش لەبارەی منداڵانی جگەرەکێشەوە ئاماژە بەوە دەکات، "هۆکارەکەی ئەوەیە پاکەتەکان هەرزانن، پەکەت هەیە بە 500 دینارە بۆیە منداڵ دەیکڕێت، ئەگەر گران بێت ناتوانێت بیکڕێت."
دوای بەدواداچوونەکانی رووداو لە زۆرینەی بازاڕ و دووکانەکان فرۆشتنی ڤەیپ قەدەخە کراوە، بەڵام هێشتا بە شاراوە دەفرۆشرێن و لە دەستی بەکارهێنەران دەبینرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ