کشتوکاڵی ورمێ: بەرهەمی چەوەندەر دوو ملیۆن تۆنی تێپەڕاند

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، ئەم ساڵ بەرهەمی چەوەندەر لە سنووری ئەو پارێزگایە دوو ملیۆن تۆنی تێپەڕاند و ریکۆردێکی نوێی تۆمار کرد. لەسەر ئاستی پارێزگاش، زۆرترین چەوەندەر لە شاری پیرانشار بەرهەم هاتووە، کە 503 هەزار تۆن بووە.
 
سێشەممە، 31ی کانوونی یەکەمی 2024، خەسرەو شەهبازی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، ئەم ساڵ بەرهەمهێنانی چەوەندەر لەو پارێزگایە نزیکەی 24٪ زیادیکردووە و دوو ملیۆن تۆنی تێپەڕاندووە.
 
ساڵی رابردوو بەرهەمی چەوەندەر لەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و 670 هەزار تۆن بووە.
 
خەسرەو شەهبازی پێیوایە کەرتی کشتوکاڵ بۆ ئابووریی پارێزگای ورمێ گرنگیی تایبەتی هەیە، لەبەر ئەوەی نزیکەی 50٪ی هەلی کار لەو پارێزگایە پەیوەستە بەو کەرتەوە. گوتیشی، ساڵی رابردوو بە بەهای 108 تریلیۆن تمەن بەرهەمی کشتوکاڵ لە پارێزگاکە بەرهەم هاتووە.
 
سەبارەت بە بەرهەمی ئەم ساڵ، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، ئەم ساڵ جگە لە بەرهەمهێنانی زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن چەوەندەر، زیاتر لە  یەک ملیۆن و 400 هەزار تۆن سێو، یەک ملیۆن تۆن گەنم و 700 هەزار تۆن تەماتە لە سنووری ئەو پارێزگایە بەرهەم هاتووە.
 
لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پیرانشار رایگەیاند، ئەو شارە لە بەرهەمهێنان چەوەندەر لەسەر ئاستی پارێزگای ورمێ بە پلەی یەکەم دێت.
 
عومەر عەلیپوور، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پیرانشار رایگەیاند: "ئەم ساڵ بەرهەمهێنانی چەوەندەر لەو شارە ریکۆردێکی نوێی تۆمار کرد و بەرهەمەکەی گەیشتە 503 هەزار تۆن."
 
ساڵی رابردوو بەرهەمی چەوەندەر لە پیرانشار 443 هەزار تۆن بوو.
 
بە گوتەی عەلیپوور، تاوەکو ئێستا 50٪ی پارەی چەوەندەری جووتیارانی شارەکە خەرج کراوە.
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ورمێ دەڵێت، ئەو بڕە چەوەندەرەی لە پارێزگاکە بەرهەم هاتووە، لەلایەن 6 کارگەی قەند و شەکرەوە لە جووتیارانی ناوچەکە کڕدراوە، کە زیاترینی لەلایەن کارگەکانی قەند و شەکری ورمێ و پیرانشارەوە بووە.
 
لە پارێزگای ورمێ، شەش کارگەی قەند و شەکری ورمێ، خۆی، مهاباد، پیرانشار، نەغەدە و میاندواو هەن کە ساڵانە بەرهەمی چەوەندەری جووتیارانی پارێزگاکە دەكڕن.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران، زیاتر لە 30%ی چەوەندەری ئێران لە پارێزگای ورمێ بەرهەم دەهێندرێت، بۆیە لە رووی بەرهەمهێنانی چەوەندەرەوە ورمێ لەسەر ئاستی ئێران بە پلەی یەکەم دێت؛ هەروەها زۆرترین بڕی بەرهەمهێنانی چەوەندەر لە پارێزگاکە لە سنووری شارەکانی پیرانشار، بۆکان، میاندوا و نەغەدەیە.
 
وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران بۆ ئەم ساڵ هەر تۆنێک چەوەندەر بە سێ ملیۆن و 900 هەزار تمەن تاوەکو چوار ملیۆن و 100 هەزار تمەن لە جووتیاران دەکڕێت.