رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، تائێستا لە هەندێک ناوچە پەڵەی نەداوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی گەنم. کەشناسێکیش دەڵێت، "تاوەکو 15ی کانوونی دووەمیش ئاساییە ئەگەر پەڵە بدات."
ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2024، هیشام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دواکەوتنی کاتی پەڵە کاریگەری هەیە لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمی گەنم، ئەگەر بەم شێوەیە بێت ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی گەنم کەمدەبێتەوە."
بارانی پەڵە بەو بارانە دەگوترێت کە هێندە زەوی پاراو دەکات، دەتوانرێت بکێڵدرێت بۆ دانەوێڵە. کەشناسان دەڵێن، بارانی پێویست بۆ پەڵەدان ئەگەر نەرمەبارانی زستانە بێت، 30 بۆ 40 ملیمەترە، بەڵام ئەگەر بارانی بەخوڕ بێت، دەبێت نزیکەی 60 ملیمەتر ببارێت.
بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند: "کێشەکە لە دەشتی هەولێرە کە تاوەکو ئێستا پەڵەی نەداوە، بەڵام لە گەرمیان و سلێمانی و هەندێک ناوچەی دهۆک پەڵەی داوە."
بە گوتەی هیشام عەبدولخالق، ئەو جووتیارانەی زەوییەکانیان بەراوە، گەنمیان چاندووە، بەڵام ئەوانەی پشت بە باران دەبەستن ئەگەر ئێستا تۆو بکەن ئەگەری هەیە گەنمەکەیان شین نەبێت، بۆیە واباشترە چاوەڕیی بارانبارین بکەن.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت، "پێشبینی دهكرا لە ناوهڕاستی مانگی 12ـی ئەم ساڵ له ههرێمی كوردستان پهڵه بدات، بەڵام بههۆی گۆڕانكارییه بهردهوامهكانی كهشوههوا و گۆڕان له هێز و ئاست و ئاراستهی شهپۆلەکان، پەڵەی نەداوە."
ئەو کەشناسە گوتیشی، "تاوەکو تاوەکو 15ی کانوونی دووەمیش ئاساییە ئەگەر پەڵە بدات، گرفت بۆ چاندنی دانەوێڵە دروست نابێت، ئێمه ئهنجام به گرنگ دهزانین نهک رێژهی باران."
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 5.5 ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە کە ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنمی دەکرێتە گەنم و جۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ