لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە کەلار کەسێک گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار دەڵێت، ئەمڕۆ لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە سنووری قەزای کەلار، کەسێک گیانی لەدەستدا و 9 کەسیش برینداربوون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2024، رزگار لەتیف، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی کەلار - دەربەندیخان کەسێک گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی رەوانەی دادپزیشکی کرا".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید هەژار دەڵێت: "هەر ئەمڕۆ و نزیک کاژێر 04:00، لە نزیک گوندی گردەگۆزینە و لە ئەنجامی پێکدادانی سێ ئۆتۆمبێل 9 کەس برینداربوون و گەیێندرانە نەخۆشخانەکەمان کە بەشێکیان برینەکانیان سەختە."
ئەو کەسەی لە رووداوەکەی رێگەی کەلار - دەربەندیخان گیانی لەدەستداوە، ناوی ئەحمەد رەحیمە و لەدایکبووی ساڵی 1957 بووە.
12ـی ئەم مانگەش، هەر لەسەر رێگەی کەلار - دەربەندیخان، چوار ئەندامی یەک خێزان کە هەر چواریان منداڵ بوون لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستدا.
تاوەکو ئەمڕۆ ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان بڵاونەکراونەتەوە.