حکومەتی عێراق 442 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجکرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی عێراق 442 ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج کرد؛ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هیچ بڕە پارەیەک نەخراوەتە سەر هەژمارەکەیان.
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 31-12-2024، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " 442 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی 12ی هەرێمی کوردستان خەرجکرا". 
 
لەبارەی ناردنی پارەکەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێشتا هیچ بڕە پارەیەک نەخراوەتە سەر هەژمارەی وەزارەتی دارایی".
 
خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە لەکاتێکدایە، هێشتا فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی یانزەیان وەرنەگرتووە.
 
ئێستا هەرێمی کوردستان نزیکەی 630 ملیار دیناری لەبەردەستە و نزیکەی 370 ملیار دیناری کەمە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 11.
 
هەرێمى کوردستان مانگانە پێویستى بە 998 ملیار دینارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی.
 
لە عێراق فەرمانبەران و مووچەخۆران مووچەی مانگی دوانزەیان وەرگرتووە.