رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی هەولێر رایدەگەیێنێت، بۆ ئەوەی دوا شەوی ساڵی 2024 بە خۆشی و بەبێ هيچ رووداوێکی نەخوازراو بەسەر ببەن، پێویستە منداڵان دوورکەونەوە لە یاریی ئاگرین و باڵۆن.
رۆژی سێشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەرگریی شارستانیی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا کۆمەڵێک رێنمایی بۆ شەوی سەری ساڵ بڵاوکردەوە و لە رێنماییەکاندا هاتووە ، "کاتێك لە ماڵ دەردەچيت پێویستە هيچ ئامێرێکی گەرمکەرەوەی نەوتی، گازی و کارەبايی بە داگيرساوی بە جێنەهێڵیت."
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پێویستە دوور بکەونەوە لە ياریيە ئاگرينەکان، بەتايبەتی لەلايەن منداڵان یان ئەگەر یاری ئاگرینتان بەکارهێنا، جلوبەرگی تايبەت بپۆشن بۆ سەلامەتی گیانتان لە سووتان، هەروەها ئاگر کردنەوە و بەجێهێشتنی ئاگر و تايە سووتاندن زيان بە ژينگە دەگەيێنێت و لێی دوورکەونەوە."
بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوە داوە، "بەکارهێنانی ميزەڵان و باڵۆن مەترسیدارە، بەتايبەتی ئەگەر نەزانن کوالێتی و جۆری گازی بەکارهاتوو چيیە، چونکە تەنیا گازی هيلیۆم رێگە پێدراوە."
لە زۆربەی رێستۆرانتەکان کۆمەڵێک خواردن هەن ئاگریان لەسەر دەکرێتەوە، بەرگریی شارستانی لەبارەوە دەڵێت، "تا پێتان دەکرێ لەم شەوەدا داوای نەکەن."
لەبارەی شۆفێری کردن بە سەرخۆشی، بەگریی شارستانیی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، " شۆفێریی بەسەرخۆشی ياخود مەی خواردنەوە لەکاتی شۆفێریدا، خۆدەرکردن لە ئۆتۆمبێل و نمايشی ئۆتۆمبێل مەترسیدارە، بۆیە ئەگەر کەسی شۆفێر نەيتوانی کۆنترۆڵی خۆی بکات، کەسێکی دیکە شۆفێری بکات."
سەبارەت بە ئاهەنگی شوێنە داخراوەکان بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی، "پێويستە لە هۆڵەکان و شوێنەکانی ئاهەنگگێڕان، بير لە شوێنی سەلامەت و دەرگای رزگارکردن بکرێتەوە لەکاتی رووداوی نە خوازراو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ