مەسرور بارزانی: پێویستە لە 2025 کێشەی مووچە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت

31-12-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردوون، بۆیە پێویستە ئەم کێشەیە [مووچە] لە ساڵی داهاتوو، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت".
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە، بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە؛ تێیدا هاتووە، "سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی نیشتمانپەروەر و ستەملێکراوی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە بەداخەوە بەهۆی کێشە دروستکردن و نەناردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە، مووچەخۆرانی هەرێم، ساڵێکی دارایی سەختی دیکەیان بەڕێکرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردوون، بۆیە پێویستە ئەم کێشەیە لە ساڵی داهاتوو، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت".
 
مەسرور بارزانی پیرۆزبایی ساڵی نوێ دەکات و دەڵێت، "بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2025، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێم و گشت کوردستانییان دەکەم و هیوای شادی و خۆشگوزەرانی و ساڵێکی پڕ لە ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەمووان دەخوازم".
 
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی 10یەمەوە، مەسرور بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، "هەروەها ئومێدەوارین، لە زووترین کاتدا، گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەنجام بگات و لە سەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بگەنە رێککەوتن، بۆ ئەوەی حکومەتێکی یەکگرتووی بەهێز و سەرتاسەری دروست بکرێت، کە لە ئاست ئەرک و ئاڵنگارییەکانی ئێستا و داهاتوودا بێت و بێ جیاوازی، خزمەتی گشت پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکات".
 
زیاتر لە دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە و تاوەکو ئێستا لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن لەسەر چۆنێتیی پێکهێنانی حکومەت رێکنەکەوتوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە