رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، سەرەتای مانگی داهاتوو پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەنێو ئەو حیزبەش دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان دەکرێت."
رۆژی سێشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژی 7-1-2025 یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە."
ئەمە سێیەم کۆبوونەوەی ئەو دوو حیزبە بۆ پێکهێنانی حکومەت. کۆبوونەوەی یەکەم 30ـی مانگی رابردوو لە سلێمانی و کۆبوونەوەی دووەمیش 17ـی ئەم مانگە لە پیرمام کرا.
سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتیی یەکێتیش دەڵێت، "لەلایەن لیژنەی هاوبەشی پارتی و یەکێتییەوە رەشنووسێک ئامادە دەکرێت و بەرنامەی حکومەت بۆ کابینەی داهاتوو دەخرێتەڕوو."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە "لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە بەرنامەی حکومەت، گفتوگۆ لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانیش دەکرێت."
ئەندامانی شاندی پارتی پێکهاتوون لە پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح. رێواز فایەق، دەرباز کۆسرەت رەسوول و د. ئامانج رەحیم ئەندامانی شاندی یەکێتین. هۆشیار زێباری و قوباد تاڵەبانیش سەرکردایەتیی شاندی پارتی و یەکێتی دەکەن.
25-12-2024 دەرباز کۆسرەت رەسوول، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی کۆبوونەوەی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''چەند کۆبوونەوەیەکمان کردووە و بەخۆشحاڵییەوە لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان لایەنەکان، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی هەبووە.''
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20-10-2024 کرا. لە هەڵبژاردنەکەدا پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی و نەوەی نوێش 15 کورسی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ