بەرپرسێکی پارتی: تانەمان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان داوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، چەند تانەیەکیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان داوە، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت، ژمارەی ئەو تانانەی لە دوو رۆژی رابردوو لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دراون، 80 دانەن.
 
رۆژی یەکشەممە 31-12-2023، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 03:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ وادەی تانەلێدان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتایی پێدێت، کە سێ رۆژ بۆ ئەو مەبەستە دیاریکرابوو."
 
سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، ئاشکرای کرد، تاوەکو کاژێر نزیک 10ـی بەیانی 85 تانەیان بە دەست گەیشتووە.
 
عیماد جەمیل گوتی، "بەوەش ژمارەی ئەو تانانەی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دراون بەبەراورد بە ژمارەی تانەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی ساڵی 2021، زۆر کەمە کە زیاتر لە هەزار و 400 تانە بوون."
 
28ى کانوونى یەکەمى 2023، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى بڵاوکردەوە کە لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانى دیالە، نەینەوا و سەلاحەدین بەشدار بوون.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە چوار پارێزگا بەربژێری هەبوو، یەکێک بوو لەو لایەنانەی تێبینی لەسەر پرۆسەکە هەبوو، بۆیە دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە، بڕیاری دا تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بدات.
 
بەرپرسێکی پارتی بە رووداوی راگەیاند، "دوو بۆ سێ تانەمان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان داوە لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا، چاوەڕێین تانەکان گۆڕانکاریی لە ئەنجامی دەنگەکان دروست بکەن."
 
سەبارەت بە کاتی یەکلاییکردنەوەی تانەکان، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، گوتی، "لە دوای کۆتاییهاتنی وادەی تانەلێدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەستەی دادوەریی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن تانەکان یەکلایی دەکەنەوە، کە هێشتا دیار نییە چەند ماوەی پێویستە، بەڵام کۆمیسیۆن چاوەڕوان دەکات لەنێوان هەفتەیەک بۆ 15 رۆژ ئەو دۆسیەیەش دابخات، دوای تەواوکردنی یەکلاییکردنەوەی ئەنجامەکان."
 
 28ى کانوونى یەکەمى 2023، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى بڵاوکردەوە کە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 بەڕێوەچوو. 
 
بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی کۆمیسیۆن، هاوپەیمانیی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە (یەکێتی) 157 هەزار و 649 دەنگی بەدەستهێناوە و 5 کورسیی بردووەتەوە. پارتی دیموکراتی کوردستانیش 52,278 دەنگی بەدەستهێناوە و دوو کورسیی بردووەتەوە. 
 
لە نەینەوا پارتی دیموکراتی کوردستان بە 141,052 دەنگ، چوار کورسیی بردووەتەوە؛ ئەهلی نەینەوا (یەکێتی تێدایە) بە 50,606 دەنگ، دوو کورسیی بردووەتەوە.