رووداو دیجیتاڵ
لە رووهای باکووری کوردستان، کەسێک تەقەی لە پێنج کەس کرد، بەهۆیەوە مێرمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵ کوژرا و چوار کەسەکەی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە شەوی رابردوو (30ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە گەڕەکی هایاتی هارانی لە شارۆچکەی ئەیوبییە لە رووهای باکووری کوردستان روویدا کاتێک کەسێک بە تفەنگ لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیەوە دەستڕێژی گوللـەی لە پێنج کەس کرد، کە لەبەردەم گازینۆیەکدا دانیشتبوون و لە ئەنجامدا هەر پێنجیان بریندار بوون.
دوای گواستنەوەی پێنج بریندارەکە بۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی رووها، سەرباری هەوڵی پزیشکەکان یەکێک لە بریندارەکان بەناوی (یوسف) تەمەن 14 ساڵ گیانی لەدەستدا. چوار بریندارەکەی دیکەش تەمەنیان لەنێوان 14-26 ساڵان دایە.
هۆکاری دەستڕێژی گوللـەکە نەزانراوە و پۆلیسی رووها بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەکە رایگەیاندووە کار دەکات بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی دەزگای ئوموت، لە باکووری کوردستان و تورکیا 36 ملیۆن چەک هەن و تەنیا چوار ملیۆنیان مۆڵەتدارن. 32 ملیۆنەکەی دیکە بێ مۆڵەتن. دەزگاکە هۆشداریش لە زیادبوونی ژمارەی چەک لە تورکیا دەدات.
بەگوێرەی راپۆرتی ساڵی 2022ـی دەزگای ئوموت، لە 3 هەزار و 984 رووداوی باکووری کوردستان و تورکیادا چەک بەکارهێندراوە. لە ئاکامدا 2 هەزار و 278 کەس کوژراون و 4 هەزار و 231 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ