رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 07:37 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە بوومەلەرزەیەک لە شارۆچکەی شەمزینانی سەر بە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان روویداوە.
بەگوێرەی داتاکانی دەزگای ئافادی تورکیا، قووڵایی بوومەلەرزەکە بە 7 کیلۆمەتر تۆمارکراوە و لە شارۆچکەی شەمزینان هەستی پێکراوە. تاوەکو ئێستا هیج زانیارییەک سەبارەت بە کاریگەری و زیانەکانی ئەو بوومەلەرزەیە بڵاونەکراونەتەوە.
هەر بەگوێرەی ئافاد، ئەمڕۆ دوو بوومەلەرزەی دیکە لە شارۆچکەی شەمزینان بە گوڕێکی کەمتر روویانداوە. بوومەلەرزەکان کاژێر 06:00ی ئێوارە بە گوڕی 2 پلەی رێختەر و کاژێر 06:10 خولەکیش بە گوڕی 2.1 پلەی رێختەر لە شەمزینان تۆمارکراون.
رۆژی شەممە، 30-12-2023 کاژێر 04:26ی ئێوارە بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان روویدا. گوڕی بوومەلەرزەکە بە 4.2 پلەی رێختەر تۆمارکرا و چەقەکەشی ناوەندی شاری خارپێت بوو. هەروەها قووڵایی بوومەلەرزەکە بە 9.36 کیلۆمەتر تۆمارکراوبوو.
رۆژی 6ی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەیان لە مەرەش بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند. بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی تورکیا، ژمارەی گیانلەدەستدان لەو بوومەلەرزانەدا زیاتر لە 50 هەزار کەس بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ