دەمیرتاش: وەکو سەرکۆنەیەک بەشداری لە بەخاکسپاردنی تەرمی باوکمدا ناکەم
رووداو دیجیتاڵ
سەلاحەدین دەمیرتاش دەڵێت، وەکو سەرکۆنەیەک بۆ دادگەریی حکومەتی تورکیا، بەشداریی لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی باوکیدا نەکرد و دەستنووسێکی بڵاوکردەوە.
دوای نزیکەی ساڵێک لە تووشبوونی بە نەخۆشیی دڵ، بەیانیی رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، تاهیر دەمیرتاش، باوکی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە نەخۆشخانەیەکی ئامەد کۆچی دوایی کرد.
دەم پارتی سەرەخۆشیی لە دەمیرتاش کرد
لە راگەیێندراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە هاتووە: "باوکی هاوسەرۆکی خولی پێشووی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش کە بە بارمتە گیراوە، ئەم بەیانییە کۆچی دوایی کرد. خەمەکەمان گەورەیە، سەرەخۆشی لە سەلاحەدین دەمیرتاشی خۆشەویست، ماڵباتەکەی و پارتەکەمان دەکەین. هیوادارین جێی تاهیر دەمیرتاش بەهەشت بێت کە رۆڵەی وەهای پەروەردەکردوون، تەمەنیان لە تێکۆشان بەسەربردووە".
دەم پارتی هەروەها رایگەیاندووە، ئەوانەی رێگرییان کرد لەوەی کۆچکردوو لە دوایین ساتەکانی تەمەنیدا نەتوانێت لەگەڵ ئازیزانی بێت، لەنێو ئەو ژینگەیە پڕ لە ستەمەدا دەخنکێن کە خۆیان دروستیانکردووە.
دەمیرتاش: وەکو سەرکۆنەیەک بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا ناکەم
ئەگەرچی پارێزەرانی دەمیرتاش هەوڵیاندا داوای مۆڵەتی کاتی بکەن بۆ ئەوەی بریکارگرتەکەیان لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی باوکیدا ئامادە بێت، بەڵام رایانگەیاند دەمیرتاش گوتوویەتی: "سەرکۆنەی ئەوە دەکەم کە وەکو بارمتەیەکی سیاسی لە زیندانم، بۆیە بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا ناکەم".
تەرمی باوکی دەمیرتاش نیوەڕۆی یەکشەممە لە گۆڕستانی قاپی لە مێردینی باکووری کوردستان بە خاک سپێردرا.
هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ رووداو: ئەم هەڵوێستەی دەمیرتاش ناڕەزاییە لە بەرامبەر نەبوونی یاسا
تولای هاتیمئۆغوڵڵار، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان – دەم پارتی بە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆر لە هەڤاڵانمان وەکو بارمتەی سیاسی گیراون. بەشێکیان لە کاتی زیندانییاندا کەسوکاریان لەدەستداوە. ئەوان بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی نایاسایی بەندکراون، نەیانتوانیوە کۆتایی بە حەسرەت و دووریی نێوانیان بهێنن و بۆ دوایین جارەکان ئازیزانیان نەبینیوە. لەڕاستیدا ئەمە ستەمە و ئەشکەنجەیە. ئەمە بەسەر سەرۆک گولتان و سەرۆک فیگەنیش هات. ئێمە ئەم ستەمە پەسندناکەین. دەبێت چی زووە کۆتایی بێت و ئەو هەڵوێستەی دەمیرتاشیش وەکو ناڕەزاییەک لە بەرامبەر نەبوونی یاسا دەبینین".
دەمیرتاش: بێخەم بە باوکە! دڵمان لەم کونجی زیندانە گەورەترە
یەکەمین پەیامی سەلاحەدین دەمیرتاش دوای کۆچی دوایی باوکی، دەستنووسێکی خۆیەتی و لەلایەن دەم پارتی بڵاوکرایەوە. لەو دەستنووسەدا دەمیرتاش نووسیویەتی: "خەمت نەبێت باوکە! دڵمان لەم کونجی زیندانە گەورەترە. گەردنم ئازاد بکە. هەزار جار دەستی ماندووی رەنجدەریت ماچ دەکەم. شوێنت بەهەشت بێت". دەمیرتاش لە بەشی دووەمی پەیامەکەیدا سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کردووە کە هاوخەمی و سەرەخۆشییان کردووە.