سوودانی داوا دەکات لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی پیرمام بکرێت و ئەنجامدەرانی ئاشکرابکرێن

31-12-2023
نیشانەکردن سوودانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەکان کرد لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر بۆ ئەو دەستدرێژییە تاوانکارییە بکەن کە کراوەتە سەر پیرمام و دەڵێت "لێکۆڵینەوە بکرێت لەو هێرشەی دوێنێ کرایە سەر شوێنێک، کە هێزەکانی پاسەوانی هەرێمی کوردستانی عێراقی لێیە."
 
رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەی دوێنێی سەر هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر رێگەی پیرمام - هەولێر، رایگەیاند "محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە دەزگا ئەمنییەکان کرد لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر دەستپێبکەن لەبارەی ئەو دەستدرێژییە تاوانکارییەی کرایە سەر هاوینەهەواری پیرمام لە پارێزگای هەولێر کە کاژێر 7:30ـی شەوی شەممە بە درۆن پێگەیەکی هێزەکانی پاسەوانی هەرێمی کوردستانی عێراق کرایە ئامانج."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە لە دوای رووداوەکەوە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوای لە هێزە چەکدارەکان کرد لێکۆڵینەوەیەکی ئەمنیی گشتگیر لەو رووداوە تاوانکارییە دەستپێبکەن و دەزگا ئەمنییەکانی راسپارد لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی بکەن بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند، کاژێر 11:45ـی شەوی رابردوو بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکراوەتە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام - هەولێر، بەڵام جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
 
لەبارەی هێرشەکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەم هێرشە تیرۆریستییە لەلایەن هێزێکی لەیاسادەرچوو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە، مەترسیدار و شەڕفرۆشتنە. ئێمە ئەو لایەنانە و حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، چونکە ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەیان پێدەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەرچاوی حکومەتی عێراقەوە هاتووچۆ دەکەن، چەک و مووشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان".
 
گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، ئەمڕۆ رایانگەیاند، شەوی رابردوو بە درۆن فڕۆکەخانەی هەریریان لە پارێزگەی هەولێر بۆردوومان کردووە و لە هێرشەکانیشیان بەردەوام دەبن، بەڵام بەرپرسانی ناوچەکە بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت، شەوی رابردوو هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەکە.
 
لە پەیامێکدا کە بە زمانەکانی ئینگلیزی و تورکی و عەرەبی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "نیگەرانی قووڵی خۆمان بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە باکووری رۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین؛ بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی هێزەکانی دەرەوەی یاسا و هاوکارەکانیان دەکەم."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئێمە باش لەو یارییانە تێدەگەین، کە کەسانی لە یاسادەرچوو لە پشتیانەوەن؛ مافی ئەوەشمان هەیە بەرگری لە گەلەکەمان بکەین."
 
مەسرور بارزانی داوای هەڵوێست لە حکومەتی عێراق دەکات و دەڵێت، "پێویستە حکومەتی فیدراڵ هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هێرش بۆ سەر هەموو عێراق ببینێت و هەڵوێستی جیدی هەبێت و بە کردەوە وەڵام بداتەوە، چونکە بێ هەڵوێستیی، میلیشاکان زیاتر هان دەدات بۆ دەستدرێژی."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبێ ناوهێنانی گرووپە چەکدارەکان رایگەیاندووە، "ئەوان پارە و چەکی دەوڵەت بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و ناسەقامگیرکردنی هەموو وڵات و دروستکردنی شەڕ و ناکۆکی لە وڵاتێکدا کە خوێنڕشتنی زۆری بەخۆیەوە دیتووە."
 
مەسرور بارزانی داواشی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە و سزادانی گرووپەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی  بۆ هێرش بەکار دەهێنرێن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یەکێک لەو ئەی تی ئێمانەی لە دهۆک شکێندرا

لە دهۆک سێ ئامێری ATM شکێندران

لە سەنتەری پارێزگای دهۆک، سێ ئامێری ATMـی راکێشانی پارە تایبەت بە هەژماری من، شكێندراون و تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی دیار نییە.