ئومێد خۆشناو: تەنیا لە بازگەکانەوە نزیکەی 60 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەولێر

31-12-2022
نازەنین گۆران
لێدوانی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بۆ رووداو
لێدوانی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بۆ رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، تەنیا لە بازگەکانەوە نزیکەی 60 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە. دەشڵێت، لە ئیمپایەر و تاوەری زانیاری کە بەرزترین تاوەرن لەسەر ئاستی عێراق، بە یاری ئاگرین پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکرێت. 
 
رۆژی شەممە 31-12-2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "تەنیا لە بازگەکانەوە نزیکەی 60 هەزار گەشتیار لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق سەردانی هەولێریان کردووە و تائێستا هاتنی گەشتیاران بەردەوامە، رەنگە هەندێک گەشتیار یەکشەممە سەردانی هەولێر بکەن."
 
بە گوتەی ئومید خۆشناو، جگە لە گەشتیاری بیانی، ژمارەیەک گەشتیاری دیکەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش سەردانی هەولێریان کردووە بۆ ئەوەی لە ئاهەنگی سەری ساڵ بەشداربن. 
 
لەبارەی پلانیان بۆ ساڵی 2023، پارێزگاری هەولێر گوتی، دڵخۆشن دوای ئەوەی 2013 و 2014 پڕۆژەکان وەستان و "هەرێمی کوردستان تووشی دۆخێکی نالەبار بوو، بە ئیرادەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەت بەکەمکردنەوەی خەرجی و بەرزکردنەوەی داهات، توانرا مووچەی فەرمانبەران مسۆگەر بکرێت و پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری لە 2021ەوە دەستپێبکەنەوە و لە 2022 پڕۆژەکان سێ بەرامبەری 2021 زیاد بکرێن و بۆ ساڵی 2023 پلانێکی گشتگیرترمان هەیە، ئەگەر رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا جێبەجێبکرێت پڕۆژەی ستراتیژی زۆر گرنگمان دەبیت." 
 
بە گوتەی ئومێد خۆشناو، "رێژەی وەبەرهێنان لە هەولێر 65٪ زیاترە و پلانیان بۆ دوو بابەتی گرنگ داناوە، یەکەم پاراستنی هەولێر لە دروستبوونی لافاو؛ دووەم مسۆگەرکردنی ئاو بۆ هەولێر کە بەهۆی وشکەساڵی گرفتی بۆ دروستکردوون." 
 
لەبارەی ئەو شوێنانەی کە بە فەرمی یاری ئاگرین دەتەقێندرێت، ئومێد خۆشناو گوتی، لە دوو شوێن یاری ئاگرین دەتەقێندرێت، یەکەم، ئیمپایەر و دووەم، تاوەری زانیاری کە بەرزترین تاوەرن لەسەر ئاستی عێراق؛ هەڵبژاردنی ئەو دوو شوێنەش بۆ سەلامەتی هاووڵاتییانە و لە پێناوی کەشێکی دروستە. 
 
پارێزگاری هەولێر گوتیشی، هەموو تیمەکانی پۆلیس، بەرگریی شارستانی، فریاکەوتن، چالاکییە مەدەنییەکان، تیمەکانی ئاسایش و نەهێشتنی تاوان، زێرەڤانی، تیمەکانی تەندروستی، گەشتوگوزار و هەموو فەرمانگەکانی خزمەتگوزاری بۆ خزمەتکردنی هاونیشتمانییان لە ئامادەییدان. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە