بەڕێوەبەری بەنداوی ئەڵوەن: مەترسیی وشکەساڵی و کەمیی ئاوی خواردنەوە نەماوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری بەنداوی ئەڵوەن لە قەزای خانەقین دەڵێت، لە سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵدا 80 ملیۆن مەتر سێجا ئاو چووەتە بەنداوەکەوە، بەوپێیە مەترسی وشکەساڵی و کەمیی ئاوی خواردنەوە لە ساڵی 2023 لە قەزاکە و دەوروبەری نەماوە؛ دەشڵێت: "چاوەڕوان دەکەین ئاوی زیاتر بچێتە بەنداوەکەوە، چونکە هێشتا وەرزی بارانبارین زۆری ماوە."
 
رۆژی شەممە 31-12-2022، ئەحمەد وەسین ئەڵا موراد، بەڕێوەبەری بەنداوی ئەڵوەن لەبارەی ئاستی ئاوی بەنداوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەنداوەکە لە سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵدا کە وەرزی بارانبارینە، واتە لە رۆژی 1-10 تاوەکو 31-12-2022 لەنێوان 75 ملیۆن مەتر سێجا بۆ 80 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی بارانی بۆ هاتووە، کە دوو هێندەی توانای گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکە کە 38 ملیۆن مەتر سێجایە، بەڵام ئێمە لەبەر مەترسی روودانی لافاو زۆر جار بەشێک لە بەنداوەکە بە بەتاڵی دەهێڵینەوە و ناهێڵین بەتەواوی پڕبێت."
 
ئەحمەد وەسین ئەڵا موراد گوتی: "بەنداوەکە لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2021دا بڕی 120 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی بۆ هاتبوو، واتە نزیکەی 40 ملیۆن لیتر سێجای کەمترە لە ساڵی رابردوو." 
 
بەڕێوەبەری بەنداوی ئەڵوەن ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ساڵانە 255 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان لە وەرزی زستان بۆ دێت؛ بۆیە ئەو بڕە ئاوەی تاوەکو ئێستا چووەتە نێو بەنداوەکەوە مەترسیی کەمیی ئاوی خواردنەوە و ئاودێری بۆ کشتوکاڵی نەهێشتووە؛ دەشڵێت: "نزیکەی پێنج وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی خواردنمان لە خانەقین هەیە؛ 2500 دۆنم باخمان هەیە لەکۆی 40 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی کە ئەوەش پشت بە ئاوی بەنداوەکە دەبەستێت؛ بۆیە ساڵی داهاتوو مەترسیی وشکەساڵیی لەسەر خانەقین و کەمیی ئاوی خواردنەوەمان نابێت." 
 
ئەحمەد وەسین ئەڵا موراد گوتیشی: "ئێستا رۆژانە هەشت مەتر سێجا ئاو بەردەدەینەوە، بەڵام لە وەرزی هاویندا رۆژانە چوار مەتر سێجا ئاو بەردەدەینەوە، چونکە لە مانگی حوزەیرانەوە ئاو بۆ خانەقین و بەنداوەکە نایەت."
 
بەنداوی ئەڵوەن سه‌رچاوه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی خانه‌قین و بەشێک لە گونده‌كانی ده‌وروبه‌ریه‌تی. سەرچاوەی ئاوی بەنداوی ئەڵوەن 90% پشت بەو ئاوە دەبەستێت کە لە رێژاو لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و 10%ـش پشت بە باران دەبەستێت.
 
بەنداوی ئەڵوەن له‌سه‌ر رووباری ئه‌ڵوه‌نە و‌ 2554 دۆنم باخ و 30 هه‌زار دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی و پێنج پرۆژه‌ی به‌خێوكردنی ماسی لەسەرە.
 
بەنداوی ئەڵوەن لە باکووری رۆژهەڵاتی قەزای خانەقینە، لە ساڵی 2013 ئاوی تێدا گل دەدرێتەوە؛ درێژییەکەی 1342 مەترە و بەرزییەكەی 24 مەترە.