پەیامی پارتی بۆ ساڵی نوێ: بارودۆخەکە وا دەخوازێت پێکەوە دەستکەوتەکانمان بپارێزین

 
رووداو دیجیتاڵ

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی 2021 پەیامێکی بڵاوکردەوە، جگە لە پیرۆزبایی لە هاووڵاتییان، ئاماژەی بەوە کردووە "بارودۆخەکە وا دەخوازێت پێکەوە دەستکەوتەکانمان بپارێزین".
 
لە پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتیدا هاتووە "بەردەوام دەبین بۆ زیاتر چەسپاندنی تەبایی لەنێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان"، 
 
دەقی پەیامەکە:
 
پەیامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
بەبۆنەی سەری ساڵی (2021)ی زایینیەوە
 
بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی زایینی، گەرمترین پیرۆزبایی لە هاوڵاتییانی سەربەرز و خۆشەویست، لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەكەین، هەروەها پیرۆزبایی گەرم لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سەرجەم کادیر و ئەندام و لایەنگرانی دڵسۆز و خۆڕاگری پارتیمان، پارتی دیموکراتی کوردستان دەكەین و هیوای ساڵێكی ئارام و پڕ بەخششیان بۆ دەخوازین.
 
ساڵی رابردوو بەهۆی پەتای كۆڕۆناوە هەلومەرجێكی نالەبار و نەخوازراو جیهان و ناوچەکە و هەرێمی كوردستانیشی گرتەوە، كە جگە لە قەیرانی ئابووری، بەداخەوە ژمارەیەك لە ئازیزان و هاووڵاتییانی خۆشەویستمان لەدەستدا، هیوادارین بۆ ساڵی داهاتوو ئەو پەتایە بەیەكجاری بنبڕ بێت و هەموو لایەك ساغ و سەلامەت و تەندروست بن. 
 
هاوڵاتییانی خۆشەویست
 
بارودۆخی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە وادەخوازێ، هەموولایەك، بەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە كاربكەین بۆ فەراھەمکردنی رەوشێکی ئارام و سەقامگیر و، بەیەکدەستی دەسكەوتەكانمان بپارێزین و هەنگاوی زیاتر بەرەو پێشكەوتن و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان بنێین.
 
ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ساڵی داهاتوو، وەك هەمیشە جەخت دەكەینەوە لەسەر چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان لەگەڵ حكومەتی عیراق لە رێی گفتوگۆ و دانوستان بۆ وەدیهێنانی مافەڕەواكانمان و دابینکردنی شایستە داراییەكان، بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان، هەروەها چارەسەركردنی عادیلانەی كێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە چوارچێوەی ماددەی(140) ی دەستووری عێراق، لەلایەكی دیكەوە لەسەر ئاستی ناوخۆ هەوڵ دەدەین بۆ چارەسەرکردنی باری گوزەران و بژێوی هاووڵاتییان، هەروەها بەردەوام دەبین بۆ زیاتر چەسپاندنی پرەنسیپە ڕاستەقینەكانی هاوپەیمانیەتی و تەبایی لە نێوان هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و  ئاشتەوایی و لێبووردەیی لە نێوان گشت پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەكاندا.
 
ئومێدەوارین ساڵی (٢٠٢١)، ساڵی كۆتاییهێنان بێت بە قەیران و ئاریشە و گرفتەكان و ساڵێكی ئاسوودە، بەختەوەر و ئومێدبەخش بێت بۆ هەموو لایەك.
 
مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٣١ـی١٢ـی٢٠٢٠