نوخشە ناسیح: ئەم ساڵ چاوەڕێی هاتنی 700 هەزار گەشتیارین بۆ فێستیڤاڵی هەنار
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە دەستیپێکرد و سێ رۆژ دەخایێنێت. نزیکەی دوو هەزار جووتیار و کاسبکار بەرهەمەکانیان دەخەنەڕوو، قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت، چاوەڕێی هاتنی 700 هەزار گەشتیار دەکەن.
فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە دەیەمین ساڵە بەدوای یەکدا بەردەوامە، لەسەر ئاستی پارێزگەی هەڵەبجە و رێکخراوەکانی پارێزگەکە رێکخراوە، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزار نزیکەی 50 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە.
نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە، میوانی بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال بوو، رایگەیاند، ئەم ساڵ گۆڕانکاری لە فێستیڤاڵەکە کراوە، رێوشوێنی باشتر گیراوەتەبەر، چاوەڕوانی میوانەکانن، دیپلۆماتکار و کۆنسووڵی وڵاتانیان بانگهێشت کردووە.
قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت، "ئەم ساڵ چەند گۆڕانکارییەک لە رووی ئامادەکاری کراوە، وەکو تەرخانکردنی خزمەتگوزاری بۆ پارکەکە و پاسەوانی تایبەت بۆ فێستیڤاڵەکە، سەرەڕای ئەوانە پۆلیس پارێزگاری لە ناوچەکە دەکەن".
نوخشە ناسیح دەڵێت، ئەگەر بتەوێت فێستیڤاڵێکی کشتوکاڵی و گەشتیاریی بکەیت، پێویستە هەموو بەرهەمەکانی ناوچەکەی تێدابێت، هەروەها هونەر و میوزیک رۆڵی خۆیان ببینن.
لەبارەی فراوانکردنی فێستیڤاڵەکە لە هەڵەبجەوە بۆ سەر ئاستی هەرێمی کوردستان، قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت، ئەو ئەرکە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵیبگرێت و کاری لەسەر بکەن، نوخشە ناسیح داوا دەکات وەزارەتی کشتوکاڵ لەو بارەیەوە بە جیدی کاری بۆ بکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی بۆ دابنێت.
قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت، زۆر هەوڵیان داوە پارچە زەوییەکی گەورە تەرخانبکرێت و شوێنەکەی باشتربێت، داوادەکات ئەوە جێبەجێ بکرێت، چونکە ئێستا لەم قۆناخەدا "ناچارن" لەو پارکەی ئێستا فێستیڤاڵەکە بکەن.
لەبارەی داهاتی فێستیڤاڵەکە، نوخشە ناسیح دەڵێت، سودی مادیی گەورەی بۆ هەڵەبجە هەیە، لە فێستیڤاڵی رابردوو، بەگوێرەی داتاکان نزیکەی یەک ملیار و 350 ملیۆن دینار فرۆش هەبووە، ئەوە جگە لە رێستۆرانت و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە.
نوخشە ناسیح دەڵێت، داوەتنامەیان بۆ زۆر شوێن و کەسێتی ناردووە، کۆنسووڵخانەکان بەشداریی دەکەن، "چاوەڕێ دەکەم ئەمساڵ نزیکەی 700 هەزار گەشتیار سەردانی هەڵەبجە بکەن".