رووداو دیجیتاڵ
نەبوونی سەنتەری تایبەت بە ئۆتیزم لە قەڵادزێ، بەشێکی خێزانەکان ناچار بە ماڵ گواستنەوە دەکات. چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی راپەڕین لە هەوڵدایە "رەزامەندی "وەزارەت وەربگرێت و سەنتەرێک لە قەڵادزێ بکاتەوە.
لە سنووری ئیدارەی راپەڕین تەنیا یەک سەنتەری تایبەت بە راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم هەیە، ئەویش لە قەزای حاجیاوایە و تەنیا 15 منداڵی ئۆتیزمی وەرگرتووە.
بەشێکی ئەو خێزانانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە، بەهۆی نەبوونی سەنتەرەوە بیر لە جێهێشتنی قەڵادزێ دەکەنەوە. عومەر شێخە، باوکی منداڵێکی ئۆتیزمە، بە رووداوی گوت "واملێهاتووە هەموو شتێک بفرۆشم و ماڵ بارکەم بۆ سلێمانی یان حاجیاوا یان ئەو شوێنانەی سەنتەری ئۆتیزمیان لێیە، تازە لە ئێران لای دکتۆر هێناومەتەوە، گوتیان چارەسەری تەنیا راهێنانە.''
نیشانە سەرەکییەکانی ئۆتیزم بریتین لەوەی منداڵی ئۆتیزم توانای چاوەڕێکردن و تێکەڵاوبوونی نییە، یاخود هەستیارن بە دەنگی بەرز و رووناکی، لەگەڵیشیدا جووڵەی زۆریان هەیە.
عائیشە حەسەن، داپیرەی منداڵێکی ئۆتیزمی تەمەن 9 ساڵە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی "راهۆز جوڵەی زۆرە، شت دەشکێنێت، خەوی کەمە، لە منداڵ دەدات. تاوەکو ئێستا نەمتوانیوە بینێرمە خوێندن، ئەگەر لە سنوورەکەمان سەنتەرێکی تایبەت بە ئۆتیزم هەبێت، دۆخی باشتر دەبێت."
پەیامنێری رووداو لە سنووری راپەڕین سەردانی بەشێکی ئەو خێزانانەی کردووە کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە. ئامینە محەممەد، دایکی دیاریی تەمەن 14 ساڵانە، کە ئۆتیزمی هەیە، بە ئەبوبەکر ئیسماعیلی گوت ''ژیانمان نەماوە، شەوانە هەتا کاژێر یەکی شەو ناخەوێت، دانانیشێت، لە داخان دەگریم. بە دەرمانیش چارەسەری نییە. دەرگە و پەنجەرە و تەلەڤیزیۆن و مۆبایل، هەموو شتێکی شکاندووە.''
راهێنەرێکی ئۆتیزم لە بەرپرسیارەوە، باسی "شەرم لە هەبوون، هەروەها شاردنەوە"ـی منداڵی ئۆتیزم و ئاشکرانەکردنی لەلایەن خێزانەکانی ئەو سنوورەی کرد.
رامسەر ئەحمەد، گوتی "لە هەموو پشدەر هیچ سەنتەرێکی تایبەت و حکومی نییە. دیدگەی خێزانی ئێستا بۆ حاڵەتی ئۆتیزم تێڕوانینێکی مرۆڤایەتی بەدەستنەهێناوە. خێزان هەیە منداڵەکەی دەبەستێتەوە. لە 2017 چوومە ماڵی خێزانێک لە قەڵادزێ، دوو منداڵە ئۆتیزمەکەیان بەستبووەوە، دۆخی ئابوورییان زۆر خراپ بوو، لە ماڵ کەوچکیان بەکارنەدەهێنا و شلە و برنجیان تێکەڵی یەکدی کردبوو، دیمەنێک بوو هەرگیز بیرم ناچێتەوە."
چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی راپەڕین، خەریکی ئامادەکردنی دەرخستەیەکی تایبەتە بۆ کردنەوەی سەنتەرێکی تایبەتی ئۆتیزم لە قەڵادزێ و بەرزکردنەوەی بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ پەسندکردن و تەرخانکردنی بودجە.
شەماڵ عەباس، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی راپەڕین، لە بەرپرسیارەوە گوتی "ئۆتیزم، لەگەڵ زۆربەی حاڵەتەکانی دیکە تێکەڵکراوە. رۆژ دوای رۆژ ژمارەیان زیاد دەبێت. لە 2014 ئۆتیزم لە راپەڕین بە حاڵەت ناومان دەبرد. ئێستا رێژەکە زۆر بەرزبووەتەوە و دامەزراندنی سەنتەرێک ئاسان نییە. دەرخستەیەکمان ئامادەکردووە بە بڕی 75 ملیۆن دینار، کۆنووس و داواکارییەکەمان ئامادەکردووە و رۆژی یەکشەممەی داهاتوو ئاراستەی دیوانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکەین بۆ ئەوەی لە رێگەی بەڕێز وەزیرەوە پشتیوانیمان بکات و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکەین، تاوەکو ئەو بینایەی ئامادەمان کردووە، بیکەینە سەنتەرێکی تایبەت بە ئۆتیزم."
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی راپەڕین، زیاتر لە 110 منداڵی توشبووی ئۆتیزم لە سنوورەکەیان هەن، لەوانە 40 یان لە قەزای پشدەرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ