رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری دەڵێت، تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هیچ کاریگەرییەکی نابێت. گوتیشی، ''ساختەکارییەکە ئەوەندە بە فراوانی کراوە، ژمارەی دەنگی هیچ بەربژێرێکی دەرچوو و دەرنەچوو، راستەقینە نییە.''
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 31-10-2024) شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیای رووداو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رێکارێکی یاساییە و ئێمەش بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی لەبەردەستن، هەوڵی بێوچانی خۆمان لەوبارەوە دەدەین.''
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان یەکێک لەو لایەنە سیاسییانەیە، کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناڕازییە و سەرەڕای ئەوەی سێ کورسی بەدەستهێناوە، رایگەیاندووە بەربژێرە دەرچووەکانی ناچنە پەرلەمان.
شوان رابەر گوتی، ''ساختەکاری کراوە و وڵاتان و لایەنە سەرەکییەکانی نێوخۆ تێیدا بەشداربوون، بۆیە پێموانییە بە تانەی ئێمە و هیچ لایەنێکی دیکەیش، هیچ گۆڕانکارییەک لە ئەنجامەکان رووبدات و مافمان بۆ بگەڕێندرێتەوە.''
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی دا، ''ساختەکارییەکە ئەوەندە بە فراوانی کراوە؛ ژمارەی دەنگەکانی هیچ کامە لە بەربژێرانی دەرچوو و دەرنەچوو، دەرخەری دەنگی خۆیان نییە، تەنانەت ساختەکاری لەگەڵ ژمارەیەک بەربژێری یەکێتی و پارتیش کراوە و ئەوەی [خۆیان] ویستوویانە، خستوویانەتە نێو دیزاین و دەرچووە، ئەوانەیش کە نەیانویستووە، دەرنەچوون.''
بەگوێرەی راپۆرتی کۆمیسیۆن بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، کۆمەڵی دادگەری سێ کورسی لە پەرلەمانی کوردستان بەدەستهێناوە. وەک ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای حیزبەکە دەڵێت، ''بە مافی خۆمان زانیوە لانیکەم 10 کورسی ببەینەوە، چوار لە هەولێر، چوار لە سلێمانی، یەک لە دهۆک و کورسییەکیش لە هەڵەبجە.''
بەگوتەی شوان رابەر، ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان داوایان لێکردووین لە بڕیارەکەیان پاشگەز ببنەوە و بچنە پەرلەمان، ''بەڵام بڕیاری نەچوونی بەربژێرە دەرچووەکانمان بۆ پەرلەمان، بڕیارێکی سەرکردایەتییە و بە زۆرینەی دەنگ پەسندکراوە، کە هەموومان پێیەوە پابەندین و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە.''
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری گوتیشی، ''نەچوونمان بۆ پەرلەمان بە واتای دوورکەوتنەوە لە گۆڕەپانی سیاسی نایەت، ئێمە حیزبێکی سیاسین و دەرفەتی سیاسیمان زۆرە، لە داهاتووشدا لە چالاکیی جیاجیای حیزبی بەردەوام دەبین''.
لەبارەی چالاکیی داهاتووی حیزبەکەی، شوان رابەر ئاماژەی بەوە کرد، بۆ رێگریکردن لە ''گەندەڵی''، لە رێگەی جیاجیاوە چاودێریی حکومەت دەکەن، لە بواری دیپلۆماسییەوە روو بە وڵاتانی دەرەوە و لایەنەکانی نێوخۆ کار دەکەن؛ ''کارێکیش کە نوێیە و لە داهاتوودا دەیکەین، ئەوەیە بەرامبەر ژمارەیەک پەرلەمانتاریش کە بۆ پاراستنی مافی خەڵک هەڵوێستیان نییە، دەبینە ئۆپۆزیسیۆن و شەنوکەوی کارەکانیان دەکەین.''
20ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. 30-10-2024 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکەی راگەیاند.
بەگوێرەی کۆمیسیۆن، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکەمی هەڵبژاردنەکە بووە، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 23 کورسی دووەمە و جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە 15 کورسی سێیەمی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە.
هەروەها یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، حەوت کورسی. رەوتی هەڵوێست چوار کورسی، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سێ کورسی، بەرەی گەل دوو کورسی و هەریەکە لە لە گۆڕان و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ