رووداو دیجیتاڵ
سێیەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی شوکرانەی هەنار لە گوندی سلێن لە هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو. فێستیڤاڵەکە بۆ بە بازاڕکردنی هەنار و بەرهەمە خۆماڵییەکانی هەورامانە، بە ئاوڕدانەوە لە کولتوور و هونەری ناوچەکە.
بە هەزاران کەس لە فێستیڤاڵی ئەم ساڵی هەناری هەورامان بەشدار بوون، بەڵام خاوەن باخ و فرۆشیاران دەڵێن، فرۆشیان لە ئاست ئەو قەرەباڵخییە نەبووە.
یوسف ئەدوایی، خاوەن باخە و گلەیی لە ساخنەبوونەوەی بەرهەمەکانی هەیە. بە رووداوی گوت، هەنارەکەیان باش و گەورە و بەتامە، بەڵام خەڵکێکی کەم دەیکڕن.
هەورامان ناوچەیەکی سەرنجڕاکێشی گەشتیارییە، بەڵام ژێرخانی گونجاوی نییە بۆ هاتووچۆی گەشتیاری، بەتایبەت لە بابەتی رێگەوباندا.
حەسەن زارعی، قایمقامی سەوڵاوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، تاوەکو ساڵانی داهاتوو گەشتیارێکی زۆرتر بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا بکەن.
هەناری سلێن و ناوچەکانی دیکەی هەورامان لە داوێنی زنجیرە کێوەکانی وەکو شاهۆ و بە ئاوی رووباری سیروان بەرهەم دێن، بۆیە تامێکی جیاوازیان هەیە. دانیشتووانی ناوچەکە داوا دەکەن، حکومەت هاوکاریان بێت بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکە بۆ دەرەوەی وڵات.
گوندی سلێن سەر بە شاری سەوڵاوایە. پێش ئەوەی فێستیڤاڵی هەناری لێ بەڕێوەبچێت، تەنیا لە ناوچەی هەورامان و دەورووبەری دەناسرا، بەڵام ئێستا بەهۆی خۆشی و بەتامیی بەرهەمەکانی، ناوبانگی لە کوردستان و ئێران دەنگی داوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ