رووداو دیجیتاڵ
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''لە رووی سیاسییەوە، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتیی تەواویان لێکراوە''؛ گوتیشی، رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە گرنگ بوو.
دیندرا زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشیکرد، لەبارەی بۆچوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رایگەیاند: ''کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر لەگەڵ ئەوەیە کە حکومەتێکی بنکەفراوان لە هەولێر دروست بێت و بەشدارییەکی کارای لایەنە سیاسییەکانی تێدا هەبێت.''
دیندار زێباری گوتی: ''ئەمە نەک تەنیا پەیامی ئەورووپییەکان، بەڵکو پەیامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لایەنی هەرە سەرەکییە لە پاڵپشتیی هەڵبژاردن لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان.''
20ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرپەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. هەر دوای هەڵبژاردن زۆربەی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پەیامی سەرکەوتنی پڕۆسەکەیان ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد. رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: ''سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامەکەیدا بە دەرفەتیشی زانی کە داوا لە لایەنەکان بکات لە هەرێمی کوردستان بە زووترین کات حکومەتێکی نیشتمانی پێکبهێندرێت.''
بەگوێرەی راپۆرتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، زیاتر لە 72٪ـی دەنگدەران، بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان کرد، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: ''خاڵی گرنگ بۆ لایەنی نێودەوڵەتی بەشداریی کارای دەنگدەران بوو، دەتوانم بڵێم ئەمە خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە بوو لە بەشداریی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەم پڕۆسەیە.''
ژمارەیەک لە حیزبە سیاسییەکانی بەشدار لە پڕۆسەی هەڵبژاردن، گلەییان لە ئەنجامەکان هەیە و دەڵێن سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەن، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''ئەگەر سکاڵایەک یان گلەییەکی تایبەتیش هەبێت، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ بابەتی تەکنیکی، بەڵام لە رووی سیاسییەوە، بەڵێ ئەنجامەکان پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتیی تەواویان لێکراوە و دەستخۆشیی زۆربەی وڵاتانیش لە پڕۆسەکە هەیە.''
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
رووداو: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەڕوانێت؟
دیندار زێباری: ئێمە وەکو رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرکی سەرەکیمان لە کابینەی نۆیەمدا و لە کابینەکانی پێشووشدا، خۆگونجاندنی هەرێمی کوردستان بووە لەگەڵ پێوەرە نێوەدەوڵەتییەکان و ئەو یاسا و رێککەوتنانە کە عێراق وەکو وڵاتێک واژۆی کردوون، پابەندییان بێت.
یەکێک لەوانە، مافە مەدەنی و سیاسییەکان و هەڵبژاردنە کە تەوەری سەرەکیی ئێمەیە. رەنگدانەوەی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی دەرەوە دەتوانم بڵێم بە دوو بەش سەیری بکەین، یەکەمیان ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە لە رێگەی نێردەی تایبەتی خۆی لە عێراق کە یۆنامییە و ماوەتەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025، لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی چاودێریی هەڵبژاردن نێردەیان هاوشێوەی پێشوو بەشێکی تایبەتیان بۆ چاودێریی هەڵبژاردن و پاڵپشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، بۆ ئەوەی پاڵپشتییەکی تەکنیکی، یاسایی و پاڵنەرێکی سەرەکی بێت بۆ سەرخستنی کارەکانی کۆمیسیۆن. لێرەدا [هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان] ئەمجارە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش [بەشدار] بووە.
هەر چەند کاژێرێک دوای هەڵبژاردن، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنی گۆتێرێس، لە رێگەی گوتەبێژی فەرمیی خۆی، دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، بەڵام پیرۆزبایی تایبەتی لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لەبەر ئەوەی حکومەت سەرپەرشتیی پێشخستن و ئیدارەدانی هەڵبژاردنەکان دەکات لە رووی ئەمنی، تەکنیکی و ئیداری؛ بۆیە دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا بۆ ئەو سەرکەوتنە لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا؛ خودی سکرتێری گشتیی یووئێن بە دەرفەتیشی زانی کە داوا لە لایەنەکان بکات لە هەرێمی کوردستان بە زووترین کات حکومەتێکی نیشتمانی پێکبهێندرێت.
رووداو: یوئێن و وڵاتان بە شێوەی مەیدانیش لە کاتی هەڵبژاردندا نوێنەریان لە بنکەکانی دەنگدان هەبوو، رازین لە پڕۆسەکە؟ هیچ راپۆرتێکیان داوەتەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان؟
دیندار زێباری: هەڵبژاردن لە هەموو وڵاتێک بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە دیموکراسین و بەتایبەتیتر هەرێمی کوردستان کە هەرێمێکی کراوەیە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگەی مەدەنی، میدیای نێودەوڵەتی، میدیای نێوخۆیی و تەنانەت چالاکڤانانیش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی یان نێوخۆیی؛ لە هەموویشی گرنگتر ئامادەبوونی نێودەوڵەتی بوو.
وەکو جەنابت باست کرد، کۆنسووڵخانەکان لە هەولێر چاودێریی پڕۆسەکەیان کرد، ئامادەبوونیان لە بنکەکانی دەنگداندا هەبوو، ئامادەبوونیان لە رووماڵی هەڵبژاردندا تاوەکو کاژێرەکانی کۆتایی هەڵبژاردن هەبوو، خودی کۆنسووڵەکان خۆیان، نەک تەنیا ستافەکانیان، تەنانەت باڵیۆزخانەکان لە بەغدا نوێنەرەکانیان ئامادە بوون، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەتوانم بڵێم بە هەزارن چالاکڤانی نێوخۆیی و سەدان چالاکڤانی نێودەوڵەتی لە رێگەی رێکخراوی نێودەوڵەتی، هەر هەموویان راپۆرتی خۆیان هەبووە.
رووداو: راپۆرتەکانیان چی دەڵێن؟
دیندار زێباری: ئەوەی کە گرنگە باسی بکرێت، دەتوانم بڵێم بە سێ جۆر باسی پڕۆسەی هەڵبژاردن کرا کە خاڵی گرنگ بۆ لایەنی نێودەوڵەتی ئەوەیە کە بەشدارییەکی کارا هەبوو و زیاتر لە 73٪ یان 74٪ـی دەنگدەران بەشدارییان کرد؛ دەتوانم بڵێم ئەمە خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە بوو لە بەشداریی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەم پڕۆسەیە.
رووداو: ئەمە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگە؟
دیندار زێباری: ئەمە گرنگە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چونکە ئەو واتایە دەگەیێنێت کە خەڵکی کوردستان باوەڕ و متمانەی تەواویان بە پڕۆسەی دیموکراسی و سیاسیی خۆیان هەیە، بۆیە بەشداری تێدا دەکەن؛ باوەڕیان بەو پڕۆسە ئاشتەوایی و مەدەنییانە هەیە کە دەسەڵات بەشێوەی ئاشتییانە رادەست بکرێت و پڕۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتیش لە کوردستان خەریکە دەچەسبێت، کە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ئاشتییانە دەکرێت؛ ئەمە گرنگە بۆ لایەنی نێودەوڵەتی.
دووەم ئەوە بوو کە تەنیا خودی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی پڕۆسەکەی نەدەکرد، لە چوارچێوەی عێراقدا و دەتوانم بڵێم زۆربەی لایەنەکانی سیاسیش لە کوردستان، هەموویان داواکارییان ئەوە بوو کە لایەنی سێیەم چاودێر بێت، لایەنی نێودەوڵەتی لایەنی دووەم بوو، لایەنی سێیەمیش ئەمجارە لایەنی نیشتمانیی عێراقی بوو.
خاڵی سێیەم، ئەگەر ئەم جارە گلەییەک لە پڕۆسەی هەڵبژاردن هەبێت، گلەییەکان سیاسی نین و هەڕەمەکی (عشوایی) نابن، بەڵکو زیاتر تەکنیکین و ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو وردەکارییانە کە یۆنامی و خودی رێکخراوەکان و ئاژانسەکانی نیودەوڵەتی هاوکارن لە چارەسەرکردنیان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
رووداو: ئێستا هەندێک لایەن ناڕازین و دەڵێن ساختەکاری کراوە لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا؛ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن سەیری ئەم ناڕەزاییە دەکات؟
دیندار زێباری: دەستوەردانی نێودەوڵەتی لە هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەک نییە کە کراوە بێت، دەستوەردانەکە دەستوەردانێکی تەکنیکییە و پاڵپشتییەکی یاساییە و پڕۆسەکە ئێستا لە عێراقدا هەیە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە ئەرکەکەی لە ئەستۆ گرت و پاڵپشتیی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش هەیە بۆ ئەم پڕۆسەیە. ئەم جارە بە دیاریکراوی، دوای کاژێرێک خودی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان، عێراق و تەنانەت لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، کە هاوکار بووە لە پڕۆسەکە، ئەمە خۆی ئەوە دەگەیێنێت کە ئەگەر گلەییەک هەبێت، گلەییەکە تەکنیکییە و ئەمە ئەرکی کۆمیسیۆنە بە پاڵپشتیی تەکنیکی و یاسایی یووئێن و لایەنە نێودەوڵەتییەکانی دیکە چارەسەریان بکات کە رۆتیناتی لەم شێوەیەش زۆر روون و ئاشکران.
رووداو: سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان پیرۆزباییان لە سەرخستنی پڕۆسەکە کردووە، بەڵام ئەنجامەکەیان قبووڵە ئێستا؟
دیندار زێباری: کە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەکات و باس لە بەشداریی کارای خەڵک دەکات لە پڕۆسەکەدا، ئەم پەیام و پیرۆزباییە، دانپێدانانێکی روونە بە هەڵبژاردن کە پڕۆسەکە بە رێکوپێکی بەڕێوەچووە و ئەگەر سکاڵایەکی تایبەت هەبێت یان وردەکارییەک یان گلەییەکی تایبەتیش هەبێت، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ بابەتی تەکنیکی، بەڵام لە رووی سیاسییەوە، بەڵێ ئەنجامەکان پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتیی تەواویان لێکراوە و دەستخۆشیی زۆربەی وڵاتان هەیە و خودی عێراقیش وەکو وڵاتێکی فیدراڵی دەستخۆشییەکی راستەوخۆی هەبووە دوای چەند کاژێرێک لە کۆتاییهاتنی پڕۆسەکە.
رووداو: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتان دەیانەوێت حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان چۆن بێت؟
دیندار زێباری: وابزانم رەنگدانەوەی یەکەم، راگەیێندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بوو، یان مەبەستم زیاتر خودی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە، کە تێیدا داوا دەکرێت لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی حکومەتێکی هاوپەیمانیی نیشتمانی یان حکومەتێکی بنکەفراوان و حکومەتێکی شموولی پێکبهێنرێت، واتا هەوڵ بدرێت بەشێکی زۆر لە حیزبە سیاسییەکان و ئەوانەی کە براوەن لە حکومەتدا بەشدار بن. بە بۆچوونی من کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش زیاتر لەگەڵ ئەوەیە کە حکومەتێک لە هەولێر دروست بێت، ئەم حکومەتە بنکەفراوان بێت و بەشدارییەکی کارای لایەنە سیاسییەکانی تێدا هەبێت.
رووداو: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵ دەگێڕێت بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان؟
دیندار زێباری: بێگومان. بە بۆچوونی من ئەمە پەیامی نەک تەنیا ئەورووپییەکان، بەڵکو پەیامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لایەنی هەرە سەرەکییە لە پاڵپشتیی هەڵبژاردن لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان.
رووداو: دوو رۆژی رابردوودا کۆنسووڵی وڵاتان سەردانی لایەنەکانیان کرد، ئەمە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە؟
دیندار زێباری: پێموایە زیاتر بۆ ئەوە بێت کە پڕۆسەکە سەرکەوتووە و سەرکەوتنی پڕۆسەکەش ئەوە نییە کە لایەنی سیاسی دیاری دەکات، بەڵکو سەرکەوتنی پڕۆسەکە، بەشداریی کارای خەڵکی کوردستانە بووە لە هەڵبژاردندا، ئەمەیە کە جێگەی دڵخۆشیی لایەنە نێودەوڵەتییەکانە و هەوڵدەدەن بەشداریی کارایان هەبێت لە گفتوگۆ و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا.
رووداو: زۆر سوپاس.
دیندار زێباری: سوپاس بۆ ئێوەش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ