مەسرور بارزانی: بەروبوومی کوردستانی لە دەرەوە خواستی زۆریان لەسەرە

رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هەولێر کارگەی پاکەت و کارتۆنی پاکێجینگی فابیابی کردەوە و رایگەیاند ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین بەروبووم وەکو براندی کوردستانی هەناردەی دەرەوە بکەین.''
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاند، بەروبوومەکانی ئێمە تام و چێژێکی تایبەتیان هەیە و خواستێکی زۆری لەسەرە، ئەوەی ماوەتەوە بەشێوەیەکی رێکوپێک بەرگی بۆ دروست بکرێت و پاکێجینگی بۆ بکرێت و بتوانین هەناردەی دەرەوەی بکەین.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، ئەوەی لەسەر حکومەتیشە "ئێمە ئاسانکاری بکەین، پشتیوانی بکەین و یارمەتی کەرتی تایبەت بدەین، ئومێدمان وایە بە هاوکاری حکومەت کەرتی گشتی لەگەڵ کەرتی تایبەت بتوانین هەموو پیداوتستییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکەین و رۆژ بە رۆژ کوردستان بەرەو پێشەوە بەرین."
 
دەقی گوتارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:
 
ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ کردنەوەی ئەم کارگەیە کە کارگەی دروستکردنی کارتۆن و بەرگگرتن و ئۆفسێت و کاری کاغەزە، کە بەشێوەیەکی زۆر پێشکەوتوو بە ئامراز و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دانراوە، من دەستخۆشی لە ئێوەی بەڕێز دەکەم کە ئەو کارەتان کردووە، ئەمە جێگەی دڵخۆشییە کە دەبینین لە کوردستان کەرتی پیشەسازی بەرەو پێشەوە دەچێت کە ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی زۆر بێت بۆ پشتیوانی کردنی کەرتی کشتوکاڵی، کە ماوەیەکە ئێمە توانیومانە بەربوومی جووتیاران، بەروبوومی ناوخۆیی هەناردەی دەرەوە بکەین، ئەم جۆرە کارانە یارمەتی زۆر دەدەن بۆ پاکێجینگ و بەرگ گرتن و ئەو شتانەی کە پێویستن بکرێت وەک براندی کوردستانی بەروبوومی خۆمان هەناردەی دەرەوە بکەین.
 
بەروبوومەکانی ئێمە تام و چێژێکی تایبەتیان هەیە و خواستێکی زۆری لەسەرە، ئەوەی ماوەتەوە بەشێوەیەکی رێکوپێک بەرگی بۆ دروست بکرێت و پاکێجینگی بۆ بکرێت و بتوانین هەناردەی دەرەوەی بکەین، کە ئەم جۆرە کارگانە دەتوانن زۆر یارمەتیدەربن بۆ ئەوەی ئەم کارە بکەین، وابزانم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتینیان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان هەیە، کە ئەمە یارمەتیدەرێکی زۆر هەم بۆ بەربوومەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەشەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت زیاتر یارەمەتی کەرتی پیشەسازی بدات.
 
ئێمە مەبەستمانە لە کوردستان بتوانین هەموو پێداویستییەکانی خۆمان ئەوەی پێمان بکرێت لەناوخودی کوردستانەوە دروستی بکەین، کە ئەمە هەلی کاری زۆریش بۆ خەڵک دەڕەخسێنێت، ئەوەی بیستم لێرە بە سەدان گەنج لەم کارگەیە هەلی کاریان بۆ رەخساوە، کە ئەمە جێی ئومێد و دڵخۆشی زۆرە.
 
ئەوەی لەسەر حکومەتیشە ئێمە ئاسانکاری بکەین، پشتیوانی بکەین و یارمەتی کەرتی تایبەت بدەین، ئومێدمان وایە بە هاوکاری حکومەت کەرتی گشتی لەگەڵ کەرتی تایبەت بتوانین هەموو پیداوتستییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکەین و رۆژ بە رۆژ کوردستان بەرەو پێشەوە بەرین.
 
ئێوەش هەر شاد و سەرفرازبن... زۆر سوپاستان دەکەم