رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 30-10-2023 گیانلەدەستدانی شەش گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لە باشووری کوردستان راگەیاند.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی سوپای وڵاتەکەیەوە دەستنیشانکران، شەش گەریلای پەکەکە لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا پێکران و گیانیان لەدەستدا. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە ئەو شەش گەریلایە لەو ناوچەیەی هەرێمی کوردستاندا بوون کە شەڕی نێوان سەربازانی تورکیا و گەریلا تێیدا بەردەوامە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دووپاتیکردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانیان تاوەکو کۆتاییهێنان بە پەکەکە بەردەوام دەبن.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ - قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18-4-2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هەپەگە کە رۆژی 22-10-2023 بڵاوکراوەتەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە رۆژانی 15-21ی مانگدا لە ناوچەکانی زاپ و خواکوڕک، مەتین و ئاڤاشین لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە و 24 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی تورکیا و لە ئەنجامدا 25 سەرباز کوژران و نۆ سەربازی دیکەش برینداربوون.
تائێستا وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 756 گەریلا و کوژرانی 110 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 57 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 388 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ