رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردووەتەوە، جیهات ئاکتای، بەرپرسی لۆجستیی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیادا لە ناوچەی مەتین لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی هەواڵەکە، ئاکتای لە کاتی ئامانجکردنیدا ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆن کردووە؛ ئاماژە بەوەشکراوە کە حوسێن پیران ناوە خوازراوەکەی بووە و پێشتر چالاکی بۆسەر سوپای تورکیا هەبووە؛ بۆ نموونە ساڵی 2016 دەستی هەبووە لە دانانی بۆمبێک لەسەر رێگەیەکی شارۆچکەی بەیتوشەباب لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان و لە ئەنجامدا سێ سەرباز و دوو گوندپارێز کوژراون.
ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، دوای ماوەیەکی زۆر لە گەڕان و بەدواداچوونی دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا، شوێنی جیهات ئاکتای زانراوە و لەلایەن میتەوە کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەستداوە.
بە گوێرەی میدیای فەرمیی تورکیا، جیهات ئاکتای ساڵی 2008 چووەتە ریزی پەکەکە و چووەتە قەندیل؛ ساڵی 2015 بووەتە فەرماندەی هێزەکانی مەخموور؛ ساڵی 2019ش بووەتە بەرپرسی دارایی و لۆجستیی پەکەکە لە ناوچەی مەتینی هەرێمی کوردستان.
تاوەکو ئێستا میدیای نزیک لە پەکەکە هیچ هەواڵێکی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 30-10-2023، هەپەگە بڵاویکردەوە، رۆژی 29-10-2023 سەربازێکی تورکیا لە ناوچەی زاپ لەلایەن گەریلاوە کوژراوە.
ئەو شەڕ و پێکدادانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ-قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18-4-2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ