بەشێکی زۆر لەو پۆلیسە عەرەبانەی لە کەرکووک دامەزرێندراون خەڵکی شارەکە نین

31-10-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
رێوڕەسمی دەرچوونی پۆلیسەکان دوای مەشق و راهێنان بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک
رێوڕەسمی دەرچوونی پۆلیسەکان دوای مەشق و راهێنان بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای زیاتر لە مانگێک لە مەشق و راهێنانی چڕ، 838 پۆلیس بەشێوەی گرێبەست دەستبەکار دەبن. ئەوەش قۆناخی یەکەمە لە دامەزراندنی 2550 پۆلیس. پۆلیسەکان لە رۆژی سێشەممەوە لە بەش و هێزە جیاوازەکانی پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، بەرگریی شارستانی و چالاکە مەدەنییەکان دەستبەکار دەبن. 
 
لە کۆی ئەو 838 پۆلیسە، تەنیا 143 پۆلیسیان کوردن، 72ـی تورکمان و یەک پۆلیسی مەسیحی تێدایە، ئەوەی دیکە کە 622 دەمێنێتەوە، لە نەتەوەی عەرەبن. 
 
بڕیارە دوو قۆناخی دیکە لە ماوەکانی داهاتوودا مەشق و راهێنان بکەن و دەستبەکاربن، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، "لە هەوڵدان هاوسەنگی لە قۆناخەکانی داهاتوودا پەیڕەو بکرێت."
 
لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک لە دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە قسەی بۆ رووداو کرد، رایگەیاند، "هەوڵمانداوە لە قۆناخی سێیەم هاوسەنگیی نیشتمانی لەنێو ئەو 2500 پۆلیسەدا هەبێت، ئەگەر 10 لە لایەک کەم بێت یان زیادبێت کێشە نابێت، بەڵام نابێت زۆر ناهاوسەنگ بێت."
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە قۆناخەکانی دیکەدا کۆی پشکی کورد 332 پۆلیس و تورکمان 272 پۆلیس و عەرەب 1088پۆلیس دەبێت. جیا لەوە بەشێکی زۆری ئەوانەی وەرگیراون خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن و لەلایەن ئیدارەی پارێزگاوە بەڵگەنامەی نیشتەجێبونی کەرکووکیان بۆکراوە.
 
نوێنەری وەزیری ناوخۆ لە وەڵامی رووداودا نەیشاردەوە خەڵکی ناوچەکانی دیکە وەرگیراون، بەڵام بیانووەکەی ئەوەبووە گوایە بەڵگەنامەی کەرکووکیان هەبووە یان لە رابردوودا هاوردەی کەرکووک کراون. 
 
فەریق هادی زرەیج، نوێنەری وەزیری ناوخۆ دەڵێت، "ئەوە وەرگرتن نییە لە پارێزگاکانی دیکەوە، ئەوە قەدەرە بەسەر ئەو هاووڵاتییە هاتووە لە نەتەوەکانی دیکە، لەدایکبوونی کەرکووکە یا ساڵانێکی زۆر لە کەرکووک ژیاوە، ئێستا لە پارێزگایەکی وەک سەلاحەدین یان موسڵە، بەڵام ئەوە نەوەی کەرکووکە و لەدایکبووی کەرکووکە."
 
دامەزراندنی ئەو ژمارە پۆلیسە بە گرێبەست بۆ ئەو مەبەستەیە کەلێن و بۆشاییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی پێ پڕبکرێتەوە کە ساڵانێکی زۆرە دامەزراندن لەو بوارەدا نەکراوە. هەر پۆلیسێک بە گرێبەستی 3 ساڵ و مووچەی مانگانەی 500 هەزار دینار دەوام دەکەن، لە داهاتووشدا چانسی ئەوەیان هەیە ببنە هەمیشەیی. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە