دوای 45 ساڵ رووفاتی پێشمەرگەیەک دۆزرایەوە؛ شووشەیەک عەتر و شانەیەکی دەزگیرانەکەی لە گیرفانیدا بووە


رووداو دیجیتاڵ

رووفاتی پێشمەرگەیەک کە پێش 45 ساڵ شەهید بووە، لە گوندی دۆستەکی سنووری ناحیەی دینارتە لە چاڵێکدا دۆزرایەوە و لە گۆڕستانی شاخکێ بەخاک سپێردرا. حەسەن سوبحی دەزگیراندار بووە و لەکاتی دۆزینەوەی رووفاتەکەیدا، شووشەیەک عەتر، دەسماڵێک و شانەیەکی دەزگیرانەکەی لە گیرفانی دا بووە.
 
مستەفا مزووری، پێشمەرگەی دێرین لەگەڵ حەسەن بووە کاتێک شەهید بووە و بە رووداوی گوت، "ئێمە سێ پێشمەرگە بووین، لەگەڵ هاوڕێیەکم لە پەنای بەردێک دامان نا و پێمگوت، ئەگەر دەنگی ژن و منداڵ هات، قسە بکە بەڵکو هاوکاریت بکەن، ئەگەر دەنگی عەرەب هات، قسە مەکە. گوتم ئێمە دەچین و هاوڕێی زیاتر دەهێنین تاوەکو هاوکاریت بکەین."
 
کەسوکاری شەهید حەسەن، هیچ وێنەیەکی ئەو پێشمەرگەیەیان نییە. چیرۆکی ئاشکرابوونی شوێنی شەهیدبوونی دوای ئەوە هات کە هاوڕێیەکی دوو کتێبی چاپکردووە و باسی چیرۆکی حەسەنیشی تێدا کردووە.
 
رزگار کێستەیی، کەسوکاری حەسەن دەڵێت، "نزیکەی دوو مانگە دەستمان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کردووە تاوەکو زانیمان شوێنەکەی کوێیە، پێشتر نەماندەزانی رووفاتەکەی لەکوێیە."
 
حەسەن تاقانەی حەوت خوشک بوو. دەزگیراندار بووە و بەنیازبووە دوای گەڕانەوەی لە ئەرکەکەی، ئاهەنگی گواستنەوەی خۆشەویستەکەی رێکبخات. خوشکێکی دەڵێت، "هەموو ئامادەکارییەکمان کردبوو بۆ ئاهەنگەکەی، دایک و باوکم جلوبەرگیان کڕی بوو، هەواڵمان بۆ هات کە هێرش دێت، بە حەسەنیان گوت مەڕۆ تۆ لە مۆڵەتی، بەڵام گوتی 'نەخێر ناتوانم هەموو پێشمەرگەکان بڕۆن و من نەڕۆم'."
 
لەنێو جلوبەرگی حەسەنی 21 ساڵدا، شووشەیەک عەتر، شانەیەک و دەسماڵێکی دەزگیرانەکەی دۆزراوەتەوە. برایەکی حەسەن کە چوار ساڵ دوای شەهیدبوونی خۆی لەدایکبووە، ئێستا لەگەڵ شەش خوشکی دەژین، بەڵام ئەوان هیچ وێنەیەکی حەسەنیان نییە.