لە گوندێکی بۆکان خانوویەک سووتا و سێ کەس گیانیان لەدەستدا

31-10-2023
فوئاد رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە خانوویەکدا لە گوندی ئاختەتەری بۆکان، سێ ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا.
 
موسا بەهاری، فەرماندەی هێزی پۆلیسی بۆکان رایگەیاند، رووداوەکە شەوی رابردوو بووە و بەهۆیەوە سێ ئەندامی خێزانێک کە باوکێکی تەمەن 70 ساڵ، دایكێکی 65 ساڵ و کچێکی 25 ساڵ بوون، گیانیان لەدەستداوە.
 
بەهاری رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەستیپێکردووە و لەگەڵ ئاشکرابوونی ئەنجامەکەی، رادەگەیێندرێت.
 
فەرماندەی هێزی پۆلیسی بۆکان رایگەیاند، دوای ئەو رووداوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و پزیشکی گەیشتوونەتە شوێنەکە و تەرمەکان گواستراونەتەوە دادپزیشکی بۆکان.
 
هەندێک لە کەناڵە خۆجێییەکانی بۆکان هۆکارەکەیان بۆ "خۆکوشتن" گەڕاندووەتەوە، بەڵام فەرماندەی پۆلیسی بۆکان هەبوونی هەر بەڵگەیەک لەسەر بە ئەنقەستبوونی رووداوەکە رەتدەکاتەوە.
 
گوندی ئەختەتەر 15 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای بۆکان دوورە و دەکەوێتە سەر رێگەی بۆکان-مهاباد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە