نوێنەری وانەبێژانی سلێمانی: تاوەکو وانەبێژان دانەمەزرێن، بایکۆت ناشکێنین
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژان لە سلێمانی دەڵێت، بڕیاری یەکلاکەرەوەیان داوە کە "تاوەکو دانەمەزرێین، دەوام ناکەن". دەشڵێت: "ئەو شایستەیەی بەسەر وانەبێژاندا دابەشکراوە، بەشی کرێی هاتووچۆی وانەبێژان ناکات".
رۆژی دووشەممە 30-10-2023 شایستەی وانەبێژانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین دابەشکرا، کە زۆرترین مووچەی وانەبێژان لە مانگەکانی تەممووز و ئاب 200 هەزار و کەمترینی 100 هەزار دینار بوو.
ئاوات محەممەد، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نوورۆژ، بە رووداوی گوت: "ئەوەی ناونراوە مووچە، مافەکانی مامۆستای وانەبێژ وەکو مووچە جێگیر نەکراوە، بەڵکو ناویان ناوە شایستە کە شایستەیەکی ناشایستەیە دەدرێتە وانەبێژ، کە مامۆستایانی وانەبێژ ئەو پارەیەی وەکو شایستەی مانگی ئاب وەریانگرتووە، 150 بۆ 200 هەزار دینارە، دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە وامان لێناکات دەست بە دەوام بکەین و پارەکە شایستەی ئەوە نییە هەر باسی لێوە بکەین".
لەبارەی کاریگەریی دابەشکردنی شایستەی وانەبێژان و ئەگەری گۆڕینی هەڵوێستیان بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژی سلێمانی جەختیکردەوە: "داواکاریی سەرەکیی مامۆستایانی وانەبێژ تەنیا مووچە نییە، بەڵکو داواکاریی سەرەکیمان دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژە بەبێ جیاوازی".
رۆژی 19ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفڕانسێكی رۆژنامەڤانیدا لە سلێمانی رایگەیاند، کە "دەبێت 22-10-2023 خوێندن لە سنووری سلێمانی دەستپێبکاتەوە "راشیگەیاندبوو کە هەموو دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاردێنێت و دەسەڵاتیش دەداتە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاو ناحیەکان، بەڵام وەک وەڵامێک بۆ ئەو گوتانەی وەزیری پەروەردە، مامۆستایانی وانەبێژ خۆپێشاندانیان کرد و رەتیانکردەوە، دەوام دەستپێبکەنەوە.
لەبارەی هەڵوێستی وەزیری پەروەردە و ئەگەری پڕکردنەوەی شوێنی مامۆستایانی وانەبێژ، نوێنەری وانەبێژانی سلێمانی گوتی: "مامۆستایانی وانەبێژ لەنێو پەروەردەدا ژمارەیەکی کەم نین تاوەکو جێگەیان پڕبکرێتەوە، لە سەرووی 35 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن، بۆیە لابردنی مامۆستای وانەبێژ و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەیان لە رێگەی گرووپەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ساردمان ناکاتەوە".
ئاوات محەممەد پێیوایە، ئەو پارەیەی ئێستا مامۆستایانی وانەبێژ وەریدەگرن، بەشی کرێی هاتووچۆ و پێداویستییەکانی رۆژانەشیان ناکات، مامۆستای وانەبێژ داهاتووی نادیارە و هیچ ئاسۆیەکی روونی لەبەردەمدا نییە، بۆیە دەبێت داهاتووی مامۆستایان دیاری بکرێت، ئێستا مامۆستایانی وانەبێژ لە دۆخێکی خراپ و دەروونێکی رووخاودان، ناتوانن بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی گوتی: "تاوەکو داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێن کە دامەزراندنە، لە ناڕەزایەتییەکانمان بەردەوام دەبین کە خۆپێشاندان و بایکۆتە و دەبێت وەڵامێکی ئەرێنی وەربگرین، ئینجا دەست بە دەوام دەکەینەوە".