وەرزێکی نوێی پۆدکاستەکانی رووداو دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو لە وەرزێکی نوێدا ژمارەیەک پۆدکاستی جیاواز و سەرنجڕاکێش، کە لەلایەن کەسانی شارەزا و بەئەزموون ئامادە و پێشکێشدەکرێن دەخاتە بەردەستی وەرگرەکانی. جیا لەم پۆدکاستە نوێیانە 14 پۆدکاستی دیکە کە لە وەرزی رابردوودا دەستیان پێکردووە، بەردەوام دەبن.
رۆژی چوارشەممە، (1ـی نۆڤەمبەری 2023) وەرزی نوێی پۆدکاستەکانی رووداو دەستپێدەکات، رووداو لەسەر پلاتفۆڕمە جیهانییەکانی پۆدکاستدا هەفتانە 24 پۆدکاست بڵاودەکاتەوە، پۆدکاستەکانی رووداو جیا لە ماڵپەڕی "podcast.rudaw.net" لەسەر ژمارەک ماڵپەڕی جیهانیی بەنێوبانگی پۆدکاستیش هەن.
لەسەر ئەپلیکەیشنی ئەپڵ پۆدکاست لە بەشی گەڕاندا بنووسن رووداو یان رووداو پۆدکاست، پۆدکاستەکانی رووداوتان نیشان دەدات، هەروەها لە پۆدکاست ئندێکس "podcastindex"، و ئەمەزۆن میوزیک و سپۆتیفای (spotify)ـیش وەرگرانی رووداو دەتوانن بەدوای پۆدکاستەکانی رووداودا بگەڕێن.
بۆ ئەو کەسانەش کە سیستمی مۆبایلەکانیان ئەندرۆیدە، دەتوانن لەسەر ئەو پلاتفۆرمانە گوێ لە پۆدکاستەکانی رووداو بگرن: iHeart, Pocket Casts, Castbox, Podcast Addict.
پۆدکاستەکانی وەرزی نوێ:
گرین بۆکس:
پۆدکاستێکی تایبەتە بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاریگەرییان لەسەر کشتوکاڵ و ژینگە، هەفتانە چراخان ئاسۆ لەگەڵ میوانەکانی شرۆڤە و لێکدانەوە بۆ ئەو گۆڕانکارییە ژینگەییانە دەکات، کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە روودەدەن.
چراخان ئاسۆ، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی گرین بۆکس دەڵێت "گۆڕانی کەشوهەوا و تێكچوونی هاوسەنگی، پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو و کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی، هەموو ئەمانە کاریگەری راستەوخۆ و درێژخایەنیان لەسەر ژیان و تەندروستی هەموو مرۆڤێک هەیە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بابەتییانە و ورد باسی ئاڵنگاریی و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بکەین، هەفتانە گوێبیستی گرین بۆکس بن."
چراخان دەشڵێت، "گۆڕانی کەشوهەوا ئێستا بووەتە بەشێک لە ژیانمان و دەبێت خۆمانی لەگەڵدا بگونجێنین. گرین بۆکس سەرنج و تیشکی لەسەر ئەوەیە چۆن تاکی کۆمەڵگە بتوانێت مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ ژینگە و ئاو و هەوادا بکات، چونکە کوردستان لە لیستی ئەو ناوچانەی جیهاندایە، کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە."
دەنگێن ئاخێ:
پۆدکاستێکی ئەدەبی و هونەری گشتییە، باس لە ژیان و بەرهەمی ئەو هۆزانڤان و دەنگبێژە ناودارانە دەکات، کە لەژیاندا نەماون و بەرهەمەکانیان بەزیندوویی ماونەتەوە و بوونەتە جێی سەرنجی لێکۆڵینڤانان. هەفتانە کەرەمۆ تەکئۆغڵو لە تۆڕی میدیایی رووداو پێشکێشی دەکات.
کەرەمۆ تەکئۆغڵو، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی دەنگێن ئاخێ دەڵێت، "لەپۆدکاستی دەنگێن ئاخێدا دەنگ و ئاوازی دەنگبێژان و هونەرمەندان وەبیری گوێگری کوردزمان دەهێنینەوە و هەوڵدەدەین لەگەڵ هۆنراوەی هۆزانڤانانی کورد تێکەڵەیەک لە دەنگی رەسەنی کوردی و مێژوومان بگێڕینەوە، دەنگێن ئاخێ هەوڵێکە بۆ ئەرشیڤکردن و بەزیندوویی هێشتنەوەی بەرهەمی ئەو هۆزانڤان و هونەرمەندانەی لەژیاندا نەماون."
وەڵاتێ مە کوردستانە:
پۆدکاستێکی تایبەتە بە ژیان و بەرهەمەکانی هونەرمەند ئاسلیکا قادر، هەفتانە هێڤیدار زانا لەگەڵ ئاسلیکا باسی چیرۆکی ژیانی ئاسلیکا قادر و بەرهەمەکانی دەکات.
زۆرن ئەو هونەرمەند و هۆزانڤانانەی بەهۆی بەرهەمێکیانەوە، ناوی بەرهەمەکەیان لەخۆیان زیاتر دەچێتە نێو ناخی میللەت و کۆمەڵگەکەیەوە، ئاسلیکا قادریش یەکێکە لەو هونەرمەندانەی بەرهەمەکەی لە باکوورەوە بۆ باشوور و لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان لەیادەوەری تاکی کورددا ماوەتەوە و وێردی سەر زمانیانە.
ئاسلیکا قادر، خاوەنی گۆرانی (وڵاتێ مە کوردستانە)، باس لە ئەزموونی ژیانی هونەری خۆی لە کوردستانی سوور و ئەزموونی خۆی لە رادیۆی یەریڤان دەکات.
هێڤیدار زانا دەڵێت، "هەفتانە لەگەڵ ئاسلیکا قادر، بە ئاوازی وڵاتێ مە کوردستانە، دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمانی زێڕینی کارکردنی رادیۆی یەریڤان و باسی ئەزموونی هونەرمەند ئاسلیکا قادر دەکەین، باس لەو وێستگانەی ژیانی ئاسلیکا دەکەین لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران، کە چۆن چالاکییە فەرهەنگییەکانیان ئەنجامداوە، هەروەها باس لە کوردستانی سوور و دۆخی کوردان لەوێ دەکەین".
چیرۆکەکانی دادگە:
پۆدکاستێکی رۆشنبیری یاسایی گشتییە، دادوەری دیاری کورد عەبدولباست فەرهادی، هەفتانە لە تۆڕی میدیایی رووداو باسی ئەو چیرۆکانە دەکات، کە لەماوەی کارکردنیدا وەک دادوەر لە دادگەکاندا کاریگەرییان لەسەری هەبووە.
باسکردنی ئاریشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان بە دیدێکی یاسایی و دادوەرانە هەوڵێکی رژدە بۆ ئەوەی تاکی کۆمەڵگەی کوردستانی هۆشیار و بەئاگا بێت لە لێکەوتەی سزا یاساییەکان، رۆڵ و ئەرکی یاسا چییە؟ ئەرکی دادگە و یاسا چییە و چ رۆڵێکیان دەبێت لە ریکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی؟
دادوەری خانەنشین، عەبدولباست فەرهادی دەڵێت، "چیرۆکەکانی دادگە، گێڕانەوەی چیرۆک و کۆژان و ئازارە راستەقینەکانە لە دادگەکاندا، خاڵدانانە لەسەر پیتەکانی ژیانی کۆمەڵگە و باسی ئەو دەرد و ئاریشە کۆمەڵایەتییانە دەکەین، کە دەبنە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان تاوەکو کۆتایی تەمەنیان باجی کار و کردەوەیەک بدەن، کە هەندێک کات لە نەبوونی ئاگایی کردوویانە."
دادوەر عەبدولباست فەرهادی دەڵێت، "چیرۆکەکانی دادگە، چیرۆکی راستەقینەن، بەڵام لە گێڕانەوەیاندا، شوێن و کات و کەسایەتییەکان گۆڕانکاری تێدا دەکرێت بۆ پاراستنی مافی کەسەکان و تایبەتمەندیی کەیسەکان، ئەوەی لە چیرۆکەکانی دادگە دەیگێڕینەوە، کەیسی کەسێکی دیاریکراو نییە و گوزارشت لە کەسێک ناکات، بەڵکو گوزارشت لە هەموو کۆمەڵگە دەکات."
100 ساڵ عێراق:
پۆدکاستێکی مێژوویی تایبەتە بە مێژووی سەت ساڵی عێراق، رووداوەکانی ئەو 100 ساڵەی عێراق، بزووتنەوە سیاسییەکان و راپەڕین و شۆڕشەکان، دیوی دواوەی ئەو رووداوە مێژووییانە لەم پۆدکاستەدا دەخرێنەڕوو. هەفتانە سەلام سەعدی لە تۆڕی میدیایی رووداو پێشکێشی دەکات.
سەلام سەعدی، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی 100 ساڵ عێراق دەڵێت، "عێراق هەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە، دەوڵەتێک نەبووە کە بەخواستی پێکهاتەکانی دروستبووبێت و پێکهاتەکانی باوەڕیان بە عێراقیبوونیان هەبووبێت، ئەوەش سەرچاوەی زۆر لە ناکۆکی و کێشمەکشمەکان بووە، بۆ تێگەیشتن لە رووداوەکانی ئێستا و داهاتووی عێراق دەبێت رابردووی ئەم دەوڵەتە پڕ لە ململانێیە بزانین."
چەوا چێبوو؟:
ئەم پۆدکاستە هەفتانە لەلایەن دلبخوین دارا بە میوانداری جوان حاجۆ پێشکێش دەکرێت و باسی ئەزموون و ژیانی هونەری جوان حاجۆ دەکات.
دلبخوین دارا لەبارەی پۆدکاستی 'چەوا چێبوو؟' دەڵێ "هەفتانە لەگەڵ جوان حاجۆ، باسی ژیانی هونەریی و دەستپێکی کاری هونەری جوان دەکەین، هەروەها باسی ئەو کاتانە دەکەن، کە لە رۆژئاوای کوردستان دەستی بە کاری هونەری کرد، دواتر چیرۆکی کۆچی بۆ ئەوروپا و درێژەدان بەکاری هونەری لە تاراوگە و کارکردنی لەگەڵ هونەرمەندانی نەتەوە جیاوازەکانی دیکە."
زمانی کتێبەکان:
پۆدکاستێکی رۆشنبیری – ئەدەبییە، هەفتانە رۆماننووسی دیاری کورد جەبار جەمال غەریب، پێشکێشی دەکات، ئەم پۆدکاستە باسی هونەری نووسین و تەکنیکی بەرهەمهێنانی رۆمان و چیرۆکی نووسینی ئەو رۆمانانە دەکات، کە جەبار جەمال غەریب نووسیونی.
جەبار جەمال غەریب، نووسەر و رۆماننووس دەڵێت، "زمانی کتێبەکان، وەڵامی ئەوەیە 'من بۆچی دەنووسم و بۆچی پەنام بۆ رۆمان بردووە؟'. من ستایل و زمانێکی تایبەت بە خۆمم هەڵبژاردووە، چونکە هەر نووسەرێک زمان و ستایلی تایبەتی خۆی نەبێت، ناتوانێت هیچ رۆڵێکی هەبێت. پێموایە نووسین هەوڵێک بووە بۆ رزگاربوونم لە کێشە و گرفتەکان، لەدوای هەر گرفت و کێشەیەک لە بەرهەمەکانمدا، وەڵامی پرسەکانم داوەتەوە."
جەبار جەمال غەریب دەشڵێت، "هەموو کتێبە ئاسمانییەکان لەسەر بنەمای گێڕانەوە و چیرۆکن، گێڕانەوە هونەرێكی یەزدانییە و بۆیە من پەنام بۆ گێڕانەوە بردووە. دەبێت ئێمە رووداوەکانی ژیان بە گێڕانەوە لە داڕشتنێکی ئەدەبی باڵادا یاداشت بکەین و بەشێوەیەکی ئەدەبی باڵا بینووسینەوە و ببێتە بەشێکی گرنگی مێژووی فەرهەنگیمان."
رەنگێ پەیڤان:
پۆدکاستێکی رۆشنبیریی ئەدەبی - گشتییە، ژیان و بەرهەمی شیعری ئەو شاعیرانە باس دەکات، کە شیعرەکانیان بوونەتە بەشێکی گرنگ لە مێژووی ئەدەبی کوردی و کاریگەرییان هەبووە.
رەنگێ پەیڤان هەفتانە بەسام مستەفا و زۆزان چەتین لە تۆڕی میدیایی رووداو پێشکێشی دەکەن.
بەسام مستەفا دەڵێت، "پۆدکاستی رەنگێ پەیڤان، هەر جارێک مێژوو و بەرهەمی هۆزانڤانێک دەخاتە بەرباس، رەنگێ پەیڤان ئەو پەیڤ و هۆنراوە جوان و پڕ واتایانەی هۆزانڤان و نووسەرانی کورد بە ئێوە ئاشنا دەکات، لەگەڵ هاوکارم زۆزان چەتین هەڵبەستەکانیان دەخوێنینەوە و راڤەی دەکەین."
سیڤی لاین:
پۆدکاستێکی گەنجانەی تایبەتە بە شێوازی پێشکێشکردنی پرۆژەی کار، داواکردنی کار و چۆنیەتی دەستکەوتی دەرفەتی کار لە دامەزراوە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هەفتانە کازیوە نەسرەدین لەگەڵ میوانەکەی باسی دەستپیشخەرییەکانی کار، چۆنیەتی خۆئامادەکردن بۆ چاوپێکەوتنی کار، پێشکێشکردنی پرۆژە و پەیداکردنی پشتگیری بۆ پرۆژەکان دەکات.
کازیوە نەسرەدین، ئامادەکار و پێشكێشکاری پۆدکاستی سیڤی لاین دەڵێت "توانای مرۆیی و لێهاتوویی تاچەند گرنگە و ئایا گەنجانی ئێمە گرنگییان پێیداوە؟ بۆچی چاوپێکەوتنی کار بووەتە فۆبیا بۆ زۆرینەمان؟ ئایا بەڕاستی چاوپێکەوتنی کار هێندە قورسە؟ هەفتانە لە پۆدکاستی سیڤی لاین لەگەڵ میوانێکی شارەزا و بەئەزموون باسی هەموو ئەو خاڵە گرنگانە دەکەین، کە پێویستە بۆ داواکاری کار، ئامادەییمان بۆی هەبێت."
کازیوە دەشڵێت، "هەر لە سیڤی لاین، باسی ئەوە دەکەین چۆن خۆمان ببینە خاوەنکار و پرۆژەی خۆمان، چۆن سوود لەو دەرفەتە جیاوازانە وەربگرین، کە رۆژانە ئێمە پشتگوێی دەخەین، بەڵام رەنگە ژیانمان بەتەواوی بگۆڕێت."
بێست دیزاین:
پۆدکاستێکی ئەندازیاریی گشتییە، بەشێوەیەکی زانستییانە باسی شێوازی بیناسازی، دیزایین، ئەندازەی رێگەوبان، ئەو کەلوپەلانەی لە بیناسازیدا بەکاردێن، مەرجە ئەندازییارییەکانی دروستکردنی باڵەخانە و ستانداردە جیهانییەکان بۆ دروستکردنی شارەکان دەکات و، هەفتانە لەلایەن ئەحمەد تەها، پێشکێشدەکرێت.
ئەحمەد تەها، پێشکشکاری پۆدکاستی بێست دیزاین دەڵێت، "مرۆڤ کاتێک سەردانی هەر شار و شوێنێک دەکات، یەکەم شت سەرنجی رادەکێشێت لایەنی بونیادی ئەندازیاریی ئەو شوێن و شارانەیە کە سەردانی دەکات، ئەندازیاریی پرۆسەیەکی ئاوەدانی و هونەری و بونیادنانە، بێست دیزاین هەنگاوێکی نوێیە بۆ باسکردنی سەرجەم لایەنەکانی ئەندازیاری و پێدانی هۆشیارییە."
ئەحمەد تەها دەشڵێت، "هەفتانە لەگەڵ میوانی شارەزا و تایبەتمەند، باسی هەموو بوارەکانی ئەندازیاری دەکەین، ئایا ژێرخانی شار و شارسازی ئێمە بە پرۆسەیەکی ئەندازەییدا رۆیشتووە یان نا، چۆن ئەندازیاری و تەلارسازی لە دروستکردنی شار و شارسازییدا بەرجەستە بکەین؟ چۆن بتوانین کەرەستەی گونجاو و باش بۆ کار و پرۆژەکانمان دیاری بکەین، ئەمانە هەموو لە پۆدکاستی بێست دیزاین هەفتانە دەخەینەڕوو."
لە وەرزی نوێدا، ئەم پۆدکاستانەش بەردەوام دەبن:
دیجیتاڵ سیتیزن
دیجیتاڵ سیتیزن کە لەلایەن هەژار برنجی، بەڕێوەبەری تەکینکی تۆڕی میدیایی رووداوەوە پێشکێشدەکرێت، پێشکێشکار باس لە دوایین داهێنانە تەکنەلۆژییەکان و زیرەکی دەستکرد دەکات، هەروەک باس لە گرنگیی تەکنەلۆژیا و کاریگەریی و لێکەوتەکانی لەسەر ژیانی تاکی کۆمەڵگەی کوردستانی دەکات، لەم پۆدکاستەدا باس لەو ئاڵنگارییانە دەکرێت کە هاوتەریبی سوودەکانی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا رووبەڕووی ژیانی مرۆڤایەتی دەبنەوە، لە پۆدکاستی دیجیتاڵ سیتیزن باس لە هاووڵاتی دیجیتاڵی دەکرێت، کە دەکرێت لە ئاییندەدا ژیانی ئێمە بەهۆی داهێنانە تەکنەلۆژییەکان بە کوێ بگات؟
هەژار برنجی، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی دیجیتاڵ سیتیزن دەڵێت "جیهان بەرەو جیهانی دیجیتاڵی دەچێت، تاکی ئێمە دەکەوێتە کوێی ئەو پێشکەوتنە خێرایەی کە لە جیهاندا روودەدات؟ ئایا کۆمەڵگە و تاکی ئێمە ئامادەیە بۆ ئەو گۆڕانە بەپەلانەی لە بواری تەکنەلۆژیادا روودەدەن، ئاسایشی دیجیتاڵی و سایبەر سکیۆریتی و زیرەکیی دەستکرد لە 10 ساڵی داهاتوودا دەبنە گرنگترین کایەکانی ژیانی مرۆڤایەتی، لە دیجیتاڵ ستیزندا زانیاری و ئاگایی تەواوتان پێدەڵێین بۆ ئەوەی ببینە هاووڵاتییەکی هۆشیاری دیجیتاڵی."
ئۆتۆ ئێف ئێم
ئۆتۆ ئێف ئێم، پۆدکاستێکی میکانیکی تایبەتە بە زانیاری لەسەر هەموو بەش و پارچەکانی ئۆتۆمبێل، لەلایەن ئەندازیاری میکانیکی، عەلا محەممەدەوە پێشکێشدەکرێت. زۆرینەمان لەکاتی بوونی هەر گرفت و کێشەیەک ئەگەر بچووکیش بێت، زانیاری سەرەتاییمان لەسەر گرفت و کێشەکانی ئۆتۆمبێل نییە، بیهێنە پێش چاوی خۆت ئەگەر لە ناوچەیەکی دوورەدەست یان لە دۆخێکی سەختدا ئۆتۆمبێلەکەت لەکاربکەوێت، چی دەکەیت؟ ئایا چاوەڕێی وەستایەکی میکانیکی دەبیت بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەت بۆ چاک بکات؟ یان چی دەکەیت؟ دەزانیت لەرێگەی گوێگرتن لە پۆدکاستەکانی ئۆتۆ ئێف ئێم لە رادیۆی رووداو، زانیاری و ئاگایی پێویستت دەبێت لەسەر هەموو پارچەکان ئۆتۆمبێل.
عەلا محەممەد ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی ئۆتۆ ئێف ئێم، دەڵێت "لە پۆدکاستی ئۆتۆ ئێف ئێم، باس لە پارچە میکانیکییەکانی ئۆتۆمبێل و شێوازی کارکردنیان دەکەم، هەروەها لەم پۆدکاستەدا باس لەوەدەکەین، چۆن گرنگی بە ئۆتۆمبێل بدرێت و دیارترین ئەو گرفتانە چین کە لە وەرزە جیاوازەکاندا رووبەڕووی شۆفێران دەبنەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد "کەم کەس لەوانەی ئۆتۆمبێل بەکاردەهێنن، زانیاریی پێویستیان لەسەر ئۆتۆمبێلەکانیان هەیە، لە ئۆتۆ ئێف ئێم، باس لەوە دەکەین چۆن خۆمان لەگەڵ تەکنەلۆژیای نوێی ئۆتۆمبێلدا بگونجێنین."
رووداوی جیهان
رۆژانە رووداوی زۆر لە جیهاندا روودەدەن، رەنگە ئێمە تەنیا فریای ئەوە بکەوین بەشێکی ئەو هەواڵانە بزانین بەشێوەیەکی ئاسایی، بەڵام لە پۆدکاستی رووداوی جیهان لە رادیۆی رووداو، هەفتانە رۆژنامەڤان لهۆن نەسرەدین، ئیدیتۆر لە دیسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو، گرنگترین رووداوی هەفتە لەسەر ئاستی جیهانی کە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی کوردستانی و جیهانی دەبێت، هەڵدەبژێرێت و شرۆڤەیان دەکات.
لهۆن نەسرەدین، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی رووداوی جیهان دەڵێت "سەرقاڵیی ژیان، وا لە مرۆڤ دەکات ئاگاداری هەموو هەواڵ و رووداوێکی شار و تەنانەت وڵاتەکەی خۆشی نەبێت، بەڵام ئێمە لە پۆدکاستی رووداوی جیهان، هەفتانە گرنگترین هەواڵ و رووداوەکانتان بۆ هەڵدەبژێرین و شرۆڤەی بابەتییانە بۆ گرنگترین رووداوی جیهان دەکەین، کە دەشێت کاریگەریی راستەوخۆی یان ناڕاستەوخۆی لەسەر تاکی کۆمەڵگەی کوردستانی هەبێت".
رووداوی عێراق
ئەو رووداوانەی لە عێراق روودەدەن، کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر تەواوی باشووری کوردستان دەبێت، هەفتانە رۆژنامەڤان هەستیار قادر، ئیدیتۆری دیسکی عێراقیی تۆڕی میدیایی رووداو لەڕێگەی پۆدکاستی رووداوی عێراقەوە نوێترین زانیاری لەسەر رووداوەکان و شرۆڤە و لێکدانەوەی بابەتییانە بۆ گرنگترین رووداوی عێراق دەکات و زانیارییەکانی پشت پەردە دەخاتەڕوو، هەروەک لەگەڵ میوانی تایبەتمەند و شارەزا شرۆڤەی ورد و بابەتییانە بۆ رووداوەکان دەکات.
هەستیار قادر، ئامادەکار و پێشکێشکاری رووداوی عێراق دەڵێت "رۆژانە رووداوی چاوەڕواننەکراو و بەپەلە لە عێراق روودەدەن، بەشێک لەو هەواڵانە تەنیا بەشێوەیەکی رووکەش تەماشای دەکەین، ئێمە لە پۆدکاستی رووداوی عێراق دیوی پشتەوەی هەواڵ و رووداوەکان دەخەینەڕوو، لە پۆدکاستی رووداوی عێراق زانیاری نەگوتراوتان پێدەڵێین و بۆتان رووندەکەینەوە؛ لە پشتەوەی هەواڵەکاندا چی دەگوزەرێت."
بازاڕ
بۆچی وڵاتێک پێشکەوتووترە لە وڵاتێکی دیکە؟ بۆچی کەسێک لە کەسێکی دیکە دەوڵەمەندترە و داهاتی زیاترە؟ دوو فرۆشیار بەتەنیشتی یەکەوەن، بەڵام یەكێکیان داهاتی لەوی دیکە زیاترە. گرنگترین رووداوە ئابوورییەکان چین و چ کاریگەرییەکیان لەسەر بازاڕ و جووڵەی بازاڕ دەبێت.
هەفتانە محەممەدی شێخ فاتیح لەڕێگەی پۆدکاستی بازاڕ لە رادیۆی رووداو، شرۆڤەی جموجووڵەکانی بازاڕ، ئاڵوگۆڕ و فرۆشتن دەکات، پێشکێشکار لە پۆدکاستەکەیدا باسی لێکەوتەی رووداوەکان لەسەر بازاڕ دەکات و فرۆشیاران و خاوەنکاران چۆن خۆیان لەگەڵ بازاڕی جیهانیدا بگونجێنن بۆ ئەوەی کاریگەری خراپی لەسەر کار و بەرهەمەکانیان نەبێت.
محەممەدی شێخ فاتیح دەڵێت "لە پۆدکاستی بازاڕ، سەرنجی سەرەکی ئێمە ئەوەیە هاونیشتمانی، خاوەنکار و کاسبکار بتوانن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی بازاڕ و جموجووڵی بازاڕدا خۆیان بگونجێنن، هەروەک باس لە گرنگترین ئەو رووداو و پێشهاتانەی هەفتە دەکەین، کە لێکەوتەیان لەسەر دۆخی ئابووریی وڵات و هاونیشتمانییان دەبێت."
5 خولەک
پۆدکاستی پێنج خولەک، رۆژانە لە رادیۆی رووداو لە دوو کاتی جیاوازدا لەلایەن ئەدلین قاسم، پێشکێشدەکرێت، پۆدکاستی پێنج خولەک دیوێکی دیکەی هەواڵەکانە و رۆژانە لەماوەی پێنج خولەکدا هەواڵەکان پێشکێشدەکرێن و نوێترین و گرنگترین هەواڵەکانی هەر چوار بەشی کوردستان و جیهان دەخرێتە بەر گوێی بیسەرانی رادیۆی رووداو.
ئەدلین قاسم، پێشکێشکاری پۆدکاستی 5 خولەک دەڵێت،"هەواڵ و رووداو زۆرن، بەڵام ئێمە رۆژانە لە 5 خولەک گرنگترین هەواڵەکانی باشوور، باکوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان و جیهان دەخەینە بەر گوێی ئێوە، 5 خولەک بژاردەی گەرمترین و گرنگترین هەواڵەکانە."
چاوی سێیەم:
پۆدکاستی چاوی سێیەم، پۆدکاستێکی گفتوگۆئامێزە و لەلایەن رۆژنامەڤان حوسێن عومەر، بەرپرسی دیسکی رۆژئاوای کوردستان لە تۆڕی میدیایی رووداو پێشکشدەکرێت، لە پۆدکاستەکاندا تیشکدەخاتە سەر گرنگترین رووداو و پێشهاتە سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی رۆژئاڤای کوردستان و سووریا، کە کاریگەری لەسەر دۆخی رۆژئاڤای کوردستان دەبێت و لەگەڵ میوانەکانیدا شرۆڤەی بابەتییانە بۆ رووداوەکان دەکات.
حوسێن عومەر، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی چاوی سێیەم دەڵێت "لە چاوی سێیەم بە هاوێنەیەکی بێلایەن و بابەتییانە لەگەڵ میوانەکانم شرۆڤەی رووداوەکانی سووریا و رۆژئاڤای کوردستان دەکەین و، باس لە لێکەوتەکانی لەسەر کۆمەڵگەی کوردستانی لە رۆژئاڤا دەکەین."
یاریگەی رووداو:
هەفتانە لەگەڵ رۆژنامەڤانانی دێسکی وەرزشی لە تۆڕی میدیایی رووداو، رێبوار محەممەد، ئیحسان تاهیر و سامان وڵاتژێری لە پۆدکاستی یاریگەی رووداوەوە شرۆڤە و باسی هەواڵ و رووداوە وەرزشییەکان دەبیستن، پێشکێشکارانی یاریگەی رووداو لە پۆدکاستی یاریگەی رووداودا باس لەو خول و یارییە جیهانییانە دەکەن، کە بۆ تۆی وەرگر جێی بایەخن، ئەوان پێکەوە شرۆڤەی هەواڵ و پێشهاتە وەرزشییەکان دەکەن و زانیاری نەبیستراوتان پێدەڵێن.
ئیحسان تاهیر، یەکێک لە پێشکێشکارەکانی یاریگەی رووداو ئاماژەی بەوەکرد، پۆدکاستی یاریگەی رووداو لە وەرزی نوێدا بە نیوەڕۆکێکی جیاواز و زانیاری سەرنجڕاکیش بەردەوام دەبێت و هەوڵدەدەین رووداوە وەرزشییە نیوخۆیی و جیهانییەکان بۆ وەرگرەکانمان بگوازینەوە و شرۆڤەیان بکەین.
دکتۆر ئۆنڵایین:
پۆدکاستی دکتۆر ئۆنڵایین، پۆدکاستێکی تەندروستییە و هەفتانە دکتۆر رانیا رزگار، ئامادە و پێشکێشی دەکات. لەرێگەی پۆدکاستی دکتۆر ئۆنڵایینەوە باس لە گرفت و نەخۆشییەکان دەکرێت لەرێگەی میوانداریکردنی پزیشكانی پسپۆڕەوە. لە پۆدکاستی دکتۆر ئۆنڵاییندا، سەرنجی سەرەکی پۆدکاستەکە لەسەر هۆشیاریی تەندروستی و خۆپارێزییە لەو هەڵە باوانەی دەشێت کۆمەڵگە رووبەڕوویان ببێتەوە و پابەندی خۆپارێزی نەبێت، لەم پۆدکاستەدا پرسیارەکانی هاونیشتمانیان لەرێگەی دکتۆر ئۆنڵایینەوە لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ باسدەکرێن و وەڵام دەدرێنەوە.
دکتۆر رانیا رزگار، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی دکتۆر ئۆنڵایین دەڵێت، "پۆدکاستی دکتۆر ئۆنڵایین، هاوتەریبی پرۆژەیەکی تەندروستیی دیجیتاڵییە، لەم پۆدکاستەدا تیشک دەخەینە سەر گرنگترین و دیارترین ئەو نەخۆشی و پەتایانەی رووبەڕووی کۆمەڵگە دەبنەوە، سەرنج و ئامانجی سەرەکیی ئێمە لە پۆدکاستی دکتۆر ئۆنڵایین ئەوەیە، هاونیشتمانییان و چارەخوازان خۆیان هۆشیاری پێویستیان هەبێت لەسەر پاراستنی تەندروستیی خۆیان."
بەکاتی ئامەد:
پۆدکاستی بەکاتی ئامەد، پۆدکاستێکی هەفتانەیە گرنگی بە رووداو و پێشهاتە کۆمەڵایەتی، ئابووری سیاسی و فەرهەنگییەکانی باکووری کوردستان دەدات، لە پۆدکاستی بەکاتی ئامەد گرنگترین رووداوی هەفتە دەکرێتە رۆژەڤ و شرۆڤە و باسدەکرێت. هەفتانە ماشەڵڵا دەکاک، لە رێگەی پۆدکاستی بەکاتی ئامەد لەگەڵ میوانەکانی شرۆڤەی رووداوەکان دەکات و گفتوگۆیان لەسەر دەکات.
ماشەڵڵا دەکاک، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی بەکاتی ئامادە دەڵێت، "پۆدکاستی بەکاتی ئامەد جیاواز لە هەر پۆدکاستێکی دیکە، هەوڵێکە بۆ باسکردنی گرنگترین رووداو و پێشهاتەکانی باکووری کوردستان و بەڕۆژەڤکردنیان، هەروەک لە بەکاتی ئامەد باس لەو بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی و فەرهەنگییانە دەکەین، کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان دەبێت."
بەکاتی سلێمانی:
بەکاتی سلێمانی، پۆدکاستێکی هەفتانەیە، لەلایەن ئاسۆ سەراوی، رۆژنامەڤان لە تۆڕی میدیایی رووداو پێشکێش دەکرێت. هەفتانە ئاسۆ سەراوی، لەگەڵ میوانەکانی شرۆڤەی گرنگترین رووداو و پێشهاتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزاری و تەندروستی و ئابووری دەکات کە کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ژیانی هاونیشتمانیانی دانیشتووی سنووری سلێمانی و پارێزگای سلێمانی دەبێت. پێشکێشکار لە پۆدکاستی بەکاتی سلێمانی سەرنجی سەرەکی لەسەر دۆخی خزمەتگوزاری و گوزەرانی هاونیشتمانیانی سلێمانی دەبێت.
ئاسۆ سەراوی، ئامادەکار و پێشكێشکاری بەکاتی سلێمانی دەڵێت، "لە پۆدکاستی بەکاتی سلێمانی، هەوڵدەدەین گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بۆ باسکردنی دیارترین گرفت و کێشەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بکەین لەماوەی هەفتەیەکدا، هەروەک لەگەڵ میوانەکانم بەدواداچوون بۆ سەرنج و گلەیی و گازەندەی هاونیشتمانیان لە سلێمانی و دەوروبەری دەکەم".
بەکاتی دهۆک:
بەکاتی دهۆک، پۆدکاستێکی هەفتانەیە، لەلایەن ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە دهۆک پێشکێشدەکرێت. هەفتانە ناسر عەلی، لەگەڵ میوانەکانی شرۆڤەی گرنگترین رووداو و پێشهاتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزاری، تەندروستی و ئابووری دەکات کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاونیشتمانیانی دانیشتووی دەڤەری بادینان و دەشتی نەینەوا دەبێت. پێشکێشکار لە پۆدکاستی بەکاتی دهۆک سەرنجی سەرەکی لەسەر دۆخی خزمەتگوزاری و گوزەرانی هاونیشتمانیانی دهۆک و دەڤەری بادینان و دەشتی نەینەوا و شنگال دەبێت.
ناسر عەلی، ئامادەکار و پێشکێشکاری بەکاتی دهۆک دەڵێت،"لە پۆدکاستی بەکاتی دهۆک سەرنجی ئێمە لەسەر گرفت و کێشە خزمەتگوزاری و ئاریشە کۆمەڵایەتییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و دەڤەری بادینان دەبێت، هەروەک هەوڵدەدەین لە پۆدکاستی بەکاتی دهۆک، سەکۆ و مینبەری هاونیشتمانیانی سنووری پارێزگای دهۆک، دەڤەری بادینان، دەشتی نەینەوا و شنگال بین."
لەگەڵ ئادەم:
هەفتانە ئادەم بێدار، لەڕێگەی پۆدکاستی لەگەڵ ئادەم لەگەڵ میوانەکانی گفتوگۆ لەسەر رووداوەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی دەکات لە روانگەی ئایینەکانەوە، بە ئامانجی ئەوەی تێگەیشتنێکی میانڕۆیی لەسەر کۆی ئەو رووداوانە بکرێت، کە کاریگەرییان لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی هەیە. گفتوگۆ لەبەرنامەی لەگەڵ ئادەم بە ئاراستەی رێزگرتن و یەکترقبووڵکردنی هەموو ئایینەکانە لەنێو کۆمەڵگەی کوردستانیدا.
لە پۆدکاستی لەگەڵ ئادەم هەوڵدەدرێت تێگەیشتنێکی بابەتییانە بۆ هەموو ئەو بابەتانە بکرێت کە لێکەوتەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و دەروونی لەسەر ژیانی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان دەبێت.
ئادەم بێدار، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی لەگەڵ ئادەم دەڵێت،"لە پۆدکاستی لەگەڵ ئادەم، هەوڵدەدەین گفتوگۆیەکی هێمنانەی بەرهەمدار بەئاراستەی تێگەیشتن و تێڕوانینی هاوبەش بۆ گرنگترین رووداوەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی لە دیدی ئایینەکانەوە باسبکەین و جەخت لەسەر بەهاکانی پێکەوەژیان و لێبووردەیی بکەینەوە".
مژار
مژار جیاواز لە هەموو پۆدکاست و پرۆگرامێکی دیکەیە، رۆژانە بازنەی یەکەمی گرنگیپێدانی ئەم پۆدکاستە کە لەلایەن محەممەد رەحیم پێشکێش دەکرێت، گرفت و کێشەکانی هاونیشتمانییانە. لە پۆدکاستی مژار، هاونیشتمانیان دەتوانن لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە گرفت و کێشەکانیان باس بکەن و تۆڕی میدیایی رووداو لەرێگەی بەش و ناوەندەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی هەواڵ و راپۆرتی رۆژنامەوانییەوە، کار دەکات بۆ ئەوەی بەدواداچوون و راپۆرتی بنکۆڵکاری بۆ کێشە و گرفتەکان بکات و وەڵامی گرفت و پرسیارەکانی هاونیشتمانیان وەربگرێت.
محەممەد رەحیم ئامادەکار و پێشکێشکاری مژار دەڵێت "تەنیا خستنەڕووی کێشە و گرفتەکان بەس نییە، بەڵکو بەدواداچوون و بنکۆڵکاری بۆ کێشە و گرفتی هاونیشتمانیان ئەرکی سەرەکیی ئێمەیە، مژار، سەکۆ و دەنگی هاونیشتمانییانە و ئێمەش بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانیان دەکەین لەگەڵ لایەنی بەرپرس و پەیوەندیدار."