مەسرور بارزانی: جەخت لە پێویستیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکەینەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لە گرنگی و پێویستیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکاتەوە لە پێناو گەڕانەوە سەقامگیری و ئارامی بۆ شارەکە و و دەڵێت، "گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لە ناوچەکە دەربچن بۆ ئەوەی ئاوارەکانی ئەو ناوچەیە بگەڕێنەوە شوێنەکانیان.
 
رۆژی سێشەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 1325ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداریی لە رێوڕەسمێکی تایبەت بەو یادە لە هەولێر کرد و رایگەیاند، "ئامانج لە بڕیاری 1325 نەهێشتنی جیاوازییە بەرامبەر ئافرەتان."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت؛ "جەخت لە گرنگی و پێویستیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکەینەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە دۆخی نائاسایی و ناسەقامگیری دەڤەری شنگال بهێندرێت و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لە ناوچەکە دەربچن بۆ ئەوەی ئاوارەکانی ئەو ناوچەیە بگەڕێنەوە شوێنەکانیان".
 
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 واژۆکرا. رێککەوتنەکە لە چەند خاڵێک پێکهاتووە کە دیارترینیان دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستانە - پەکەکە لە شاری شنگال؛ لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی، هەروەها دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.
 
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەو ئافرەتە کوردە ئێزدییانە دا کە لەلایەن داعشەوە رفێنراون و گوتی، "لە کاتی هێرش و پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بۆ سەر شنگال و دەوروبەری، بە هەزاران کەس لە خوشک و برایانی ئێزدیمان کۆمەڵکوژ کران و هەزاران ئافرەتی ئێزدیش لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە وەک کۆیلە و کەنیزەک بردران". 
 
لە ساڵی 2014 دا داعش هێرشی کردە سەر شنگال، کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و هەزاران کەسیشی رفاند. تاوەکو ئێستا 2,713 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن کە 1,270 کەسیان ژن و 1,443 کەسیان پیاون. 
 
بە گوتەی مەسرور بارزانی، "لە دوای ئازادکردنی شنگال و دەوروبەری لە دەست تیرۆریستانی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بە سەرۆکایەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، پرۆسەیەکی بەرفراوانی ئازادکردنی ئافرەتانی ڕفێندراوی ئێزدی لە دەست تیرۆریستانی داعش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکرد و خۆشبەختانە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆریان ئازاد کراون و هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ ئازادکردنی ئەوانەی ماون".
 
بەگوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکان، بەهۆی هێرشی داعشەوە 135 هەزار و 860 کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون؛ 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون. 
 
لەبارەی رۆڵ و پێگەی ژنان لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەیدا؛ "ئێمە لە ئاستی هەرێمی کوردستان بەردەوامدەبین لە درێژەدان بە سیاسەتی ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ ئافرەتانی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی یەکسان لە دەوڵەتسازی، بنیاتنان، ئاوەدانکردنەوە و گەشەسەندنی کوردستاندا بەشداربن. لەسەر ئاستی خۆجێییش کار لەسەر بەرزکردنەوەی تواناکانيان دەکەین بۆئەوەی بەشێوەیەکی کاریگەرتر و زیاتر لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکاندا بەشداربن".
 
مەسرور بارزانی دووپاتیکردەوە؛ "لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان هەماهەنگی دەکەین بۆ گەیاندنی دەنگی ئافرەتانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی داعش، بۆ ئەوەی دەنگیان ببیسترێت و هاوکات دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنین خۆشیان لە پرۆسەکەدا بەشدار بن".
 
دەقی گوتاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
 
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان،
 
ئامادەبووانی بەڕێز، رۆژتان باش
 
دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و دەستەی یەکسانیی رەگەزی و تواناسازیی ئافرەتانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان "UN WOMEN"  دەکەم بۆ رێکخستنی ئەم بۆنەیە، کە تایبەتە بە ساڵیادی دەرچوونی بڕیارنامەی ژمارە 1325ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە ئافرەت، ئاشتی و ئاسایش.
 
ئەم بڕیارە یەکێکە لە بڕیارە گرنگ و مێژووییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش کە کاریگەرییەکی دیار و بەرچاوی لەسەر گرنگیدان بە پرسی ئافرەتان بە گشتی هەبووە. بەتایبەتی لەو وڵات و ناوچانەی شەڕ و ناسەقامگیرییان تێدایە، ئافرەتانیش قوربانییەکی سەرەکی شەڕ و جەنگن.
 
ئامانجی سەرەکی لە پشت دەرچوونی ئەم بڕیارە، بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژییە دژی ئافرەتان لەکاتی شەڕ و جەنگدا. هەروەها برەودانە بە بەشداریی ئافرەتان لە چەسپاندنی ئاشتی و کاراکردنی رۆڵیانە لە بڕیاری سیاسی و دەسەڵاتدا. سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگە داراییانەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، ئێمە هەوڵمانداوە بەپێی توانا بودجە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە تەرخان بکەین، بەردەوامیش دەبین و هەرچیش پێویست بێت بۆ درێژەپێدان بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم بڕیارە، دەیکەین.
 
کۆمەڵگەی کوردی و هەرێمی کوردستان ساڵانێکی زۆرە قوربانی شەڕ و ماڵوێرانین. خەڵکی کوردستان بە درێژایی سەدەی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی شەڕ، هێرش، پەلاماری سەربازی، کۆمەڵکوژی و وێرانکاری زۆر بووەتەوە و ئافرەتانی کوردستانیش هەمیشە قوربانییەکی سەرەکی ئەو شەڕ و پەلامارانە بوون.
 
لە ساڵانی هەشتاکاندا، خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان، تووشی دڕندانەترین شاڵاوی جینۆساید هاتنەوە. لە شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباراندا، دەیان هەزار خەڵکی بێتاوان لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە ئەنفالکران و شەهید بوون، کە بەشێکی زۆریان ئافرەت بوون.
 
لە کاتی هێرش و پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بۆ سەر شنگال و دەوروبەری، بە هەزاران کەس لە خوشک و برایانی ئێزدیمان کۆمەڵکوژ کران و هەزاران ئافرەتی ئێزدیش لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە وەک کۆیلە و کەنیزەک بردران. بە هەمان شێوە کریستیان و کاکەیی و سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی کوردستان لە ستەم و زۆرداری و کارە تیرۆریستییەکانی داعش بێبەش نەبوون.
 
لە دوای ئازادکردنی شنگال و دەوروبەری لە دەست تیرۆریستانی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بە سەرۆکایەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، پرۆسەیەکی بەرفراوانی ئازادکردنی ئافرەتانی ڕفێندراوی ئێزدی لە دەست تیرۆریستانی داعش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکرد و خۆشبەختانە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆریان ئازاد کراون و هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ ئازادکردنی ئەوانەی ماون.
 
لەم بۆنەیەدا، جەخت لە گرنگیی و پێویستی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال دەکەینەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە دۆخی نائاسایی و ناسەقامگیریی دەڤەری شنگال بهێنرێت و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لە ناوچەکە دەربچن، بۆ ئەوەی ئاوارەکانی ئەو ناوچەیە بگەڕێنەوە شوێنەکانیان.
 
سەرەڕای ئەوهەموو کارەسات و کۆمەڵکوژییانەی لە دژی گەلی کوردستان ئەنجامدراون، هەرێمی كوردستان هەمیشە پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ هەموو ئەوانەی لەدەست تیرۆر، شەڕ و توندوتیژی لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە پەنایان بۆ کوردستان هێناوە و لێرەش بەوپەڕی خۆشەویستییەوە میوانداری کراون. ئەمڕۆ سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر لە پێکهاتە جیاوازەکان، بە ئاشتی و ئارامی لە هەرێمی کوردستان دەژین. دووپاتیشی دەکەینەوە کە گوتاری ئێمە هەمیشە گوتاری خۆشەویستی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەبێت.
 
ئافرەتانی کوردستان هەمیشە  ڕۆڵێکی دیار و پێشەنگیان لە مێژووی گەلەکەماندا هەبووە و لە هەندێک قۆناخ و شوێندا، ڕۆڵی سەرکردایەتییان بینیوە و لە قۆناخە سەختەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانیشدا، بەشدارییەکی کارایان لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا كردووە و مایەی شانازیمانە.
 
لە دوای سەرهەڵدانی ئاداری 1991 و پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆڵ و بەشداریی ئافرەتانی کوردستان لە پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانیدا زیاتر پەرەی سەند و ئێستا بە شداریی ئافرەتان لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردندا ڕۆڵێکی گرنگ و دیارە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان، كاردەکات بۆ زیاتر بەهێزکردن و پەرەپێدانی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان  لە ناو حکومەت  و نەهێشتنی هەموو جۆرە پەڕاوێزخستنێکی ڕۆڵی ئافرەتان لە بڕیاری سیاسی و حوکمڕانی و بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکردنی مافەکانی ئافرەتان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی. کاردەکات بۆ زیاتر پەرەپێدانی کولتووری یەکسانی نێوان پیاو و ئافرەت.
ئێمە لە ئاستی هەرێمی کوردستان بەردەوامدەبین لە درێژەدان بە سیاسەتی ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ ئافرەتانی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی یەکسان لە دەوڵەتسازی، بنیاتنان، ئاوەدانکردنەوە و گەشەسەندنی کوردستاندا بەشداربن. لەسەر ئاستی خۆجێییش کار لەسەر بەرزکردنەوەی تواناکانيان دەکەین بۆئەوەی بەشێوەیەکی کاریگەرتر و زیاتر لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکاندا بەشداربن.
 
هەروەها لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هەماهەنگی دەکەین بۆ گەیاندنی دەنگی ئافرەتانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی داعش، بۆ ئەوەی دەنگیان ببیسترێت و هاوکات دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنین خۆشیان لە پرۆسەکەدا بەشدار بن.
 
ئێمە لە هەرێمی کوردستان، وەک کیانێکی فیدراڵی، لە چوارچێوەی عێراقدا، پابەندین بە جێبەجێکردنی بڕیاری 1325 و لەم چوارچێوەیەشدا، ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆمان، کار بۆ جێبەجێکردنی دەکەین. بەڵام جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشە و پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی و یەکخستنی هەوڵەکانی هەموولایەکمانە.
 
دووبارە پیرۆزبایی ئەم یادەتان لێ دەکەم و ئافرەتانی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە کە هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی مافە ڕەواکانیان دەبم بۆ ئەوەی بەپێی توانا و لێهاتوویی خۆیانەوە، ڕۆڵ و پێگەی شایستەی خۆیان هەبێت لە هەموو کایەکانی کۆمەڵگەدا.