لە رانیە زبڵ، دەرمانی بەسەرچوو و پاشماوەی پزیشکی لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوون فڕێدەدرێن


رووداو دیجیتاڵ 

ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەیبینن، شاردنەوە و ژێرخاکخستنی زبڵ و خاشاک رانیەیە. ژێکاف ساڵح تەمەنی 30 ساڵە و نزیکەی هەشت ساڵە هەموو رۆژێک لە کلکەی کۆڵین لە رانیە ئەو کارە دەکات کە کەمتر لە دوو کیلۆمەتر لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاونیشتمانییان دوورە. لەوێ زبڵ، خۆراک و دەرمانی ماوەبەسەرچوو و پاشماوەی پزیشکی بە بەردەوامی فڕێدەدرێن.
 
ژێکاف بە رووداوی گوت، رۆژانە کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو، پاشماوەی پزیشکی و نەخۆشخانەکان دەهێنن لێرە فڕێی دەدەن. ئێستاش شارەکە فراوان بووە و وردە وردە دانیشتووان لەم شوێنە نزیکدەبنەوە. ئێرە چی دیکە شوێنێکی گونجاو نییە بۆ فڕێدانی ئەو زبڵە. هەروەها ئەو ئاوەی لەنێو ئەو زبڵەدایە تێکەڵ بە ئاوی ژێر زەوی دەبێت.
 
مینە وسو، هاونیشتمانییەکی دیکەیە کە دوو مانگە شۆفێری بوڵدۆزەرە و خاشاکەکە ژێر خۆڵ دەخات. ئەو دەڵێت، رۆژانە نزیکەی چوار تۆن زبڵ و خاشاکی ئەو شوێنە رادەماڵێت و ژێر خاکی دەخات. "هەموو شتێک لێرە فڕێدەدرێت، جگەر و دووگی ماوە بەسەرچووش."
 
فڕێدانی نزیکەی 150 تۆن زبڵ و خاشاکی ماڵان و پاشماوەی پزیشکی لە رۆژێکدا لەو شوێنە، دووکەڵی سووتانەکەی بۆسەر ئاسمانی شاری رانیە و ئاوەکەشی بۆسەر زەویی کشتوکاڵی و ئاوی ژێرزەوی دەگوازرێتەوە.
 
پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتی لە شارەکە فڕێدانی پاشماوەکان بەشێوەی ناتەندروست بە هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان دادەنێت و سەرپەرشتیاری ئەو کۆمپانیایەی زبڵی رانیەش کۆدەکاتەوە دەڵێت، نەبوونی "شوێنێکی گونجاو" ئەوانی ناچارکردووە زبڵ و خاشاک لەو شوێنە فڕێ بدەن.
 
شەماڵ جەلال، پسپۆڕی تەندروستیی گشتییە و بە رووداوی گوت: ئەو نەخۆشییانەی کە لەم رێگەیەوە بڵاودەبنەوە، نەخۆشییەکانی پێست، چاو، نەخۆشیی سییەکان و دڵن. هاوکات ئەو هەوایەی لەو شوێنە بڵاودەبێتەوە مەترسیی راستەوخۆی بۆسەر ئەو کەسانە هەیە کە لەو شوێنە کاردەکەن. 
 
ئەو زبڵ و خاشاکەی لە دەروازەی شار و نزیک زانکۆی راپەڕین فڕێدەدرێن، جگە لە خۆراک و دەرمانی ماوەبەسەرچوو، ئاژەڵی مردوو و پاشماوەی زبڵی ماڵانیشی تێدایە و هەمووی لە یەک جێگەدا بەسەر یەکدا دراوە.