رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینەوە لە چەند شار و سارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان لافاو هەستا و زیانێکی زۆر بە خەڵکی کەوت. سەرۆکی شارەوانیی سۆرانیش دەڵێت، پێشبینی ناکەم لە سۆراندا لافاو هەڵبستێت، چونکە پێشتر ئامادەکارییان کردووە.
کاوە نەجم، سەرۆکی شارەوانیی سۆران بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئەو بارانەی باری هیچ زیانێکی بە سۆران نەگەیاند، چونکە هەڵکەوتەی جوگرافیایی شارەکە بە جۆرێکە کە کەند و دۆڵی زۆری تێدایە و دەتوانێت بە ئاسانی ئاوەکەی دەربکات. ئێمە پێشتریش ئامادەکاریی خۆمانمان کردبوو و ئاوەڕۆ و زێرابەکانمان پاک کردبوونەوە."
سەرۆکی شارەوانیی سۆران گوتیشی، "پێشتر لە ساڵانی رابردوودا لە هەر شوێنێک کێشە هەبووبێت چارەسەرمان کردووە. پێشبینی ناکەم لە سۆران لافاو هەڵبستێت، چونکە پێشتر ئامادەکاریمان کردووە، مەگەر ئەوەی رێژەیەکی زۆر زیاد و لەرادەبەدەر باران ببارێت."
هاوکات لە گەڕەکی جوندیانی سۆران تیمەکانی شارەوانی بەهۆی کارکردنیانەوە بۆریی ئاوی بەشێک لە مالانیان شکاندووە و ئەو ماڵانە سکاڵای ئەوەی دەکەن کە چەند رۆژێکە ئاویان نییە.
کاوە نەجم رایگەیاند، "ئەو گەڕەکە زێدەڕۆییە و خزمەتگوزاریی پێ نەگەیشتبوو، بۆیە کارمان دەکرد کە خزمەتگوزاریی پێ بگەیێنین و کۆڵانەکان تێکەڵە بکەین بۆ ئەوەی هاووڵاتییان زۆر ناڕەحەت نەبن. رەنگە لە ئەنجامی کارەکەی ئێمەدا بۆریی ئاوی ماڵان شکابێت. بۆ ئەو مەبەستە تیمەکانمان راسپاردوون کە ئەگەر بۆریی هەر ماڵێک شکا چاکی بکەنەوە."
بە گوتەی کاوە نەجم، هەرچەندە ئەو گەڕەکە زیادەڕۆییە، بەڵام ئەوان بەپێی توانای خۆیان خزمەتگوزاریی بۆ دەبەن، بەڵام رەنگە قیرکردنی بکەوێتە کاتێکی دیکە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 28ـی تەممووزی 2021 بڕیاری دا سۆران و قەزاکانی دەوروبەری بکرێن بە ئیدارەی سەربەخۆ و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە رێکاری یاسایی و کارگێڕیی پێویست بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چوار قەزای سۆران، رواندز، مێرگەسۆر و چۆمان لە خۆ دەگرێت. ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەروەها 14 ناحیە لە خۆ دەگرێت.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبێتە یەکەم ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە سنووری هاوبەشی لەگەڵ رۆژهەڵات و باکووری کوردستان هەیە. رووبەری ئیدارەکە پێنج هەزار و 470 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و 14 شارۆچکە لەخۆدەگرێت. دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران تاکە دەروازەی فەرمییە کە ئیدارەکە و پارێزگای هەولێر بە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەبەستێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ