رووداو دیجیتاڵ
دواى دابەشکردنى نەوت بەسەر دانیشتووانى ناوچە شاخاوییەکان و کوێستانەکان، رۆژى دووشەممە 01-11-2021 دابەشکردنى نەوتى سپى ماڵان لەناو سەنتەرى شارى سلێمانى دەستپێدەکات، بەڕێوەبەرى نەوت و کانزاکانى سلێمانیش دەڵێت، "هەڵمەتەکە تا تەواوبوونى هەموو ناوشار بەردەوامدەبێت".
شاری سلێمانی بەسەر 10 ناوچە دابەشکراوە کە پێیدەگوترێت "مەڵبەند"، محەممەد حەسیب، بەڕێوەبەرى نەوت و کانزاکانى سلێمانى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لە رۆژى دووشەممەوە لە مەڵبەندى پێنجى سلێمانییەوە دابەشکردنى نەوت دەستپێدەکات، پاشان مەڵبەندەکانى شەش، تاوەکو مەڵبەندى 10، ئەمانە ئەو مەڵبەندانەن کە ساڵى رابردوو بەشەنەوتیان بەرنەکەوتووە".
پێشتر لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوت کراوە و کە ناوچەکانی پێنجوێن، هەڵشۆ، شارباژێڕ، تەوێڵە و بیارە و چەند شوێنێکی دیکەی گرتەوە.
بەگوتەى محەممەد حەسیب، دواى تەواوبوونى بەشە نەوتى ساڵى رابردوو، دەست بە دابەشکردنی بەشەنەوتی ئەمساڵ دەکەنەوە کە سەرجەم شار و شارۆچکە و گوندانە دەگرێتەوە کە لە دواى ناوچە سارد و شاخاوییەکان ریزبەندییان بۆ کراوە.
رۆژانە حکومەتى عێراق لە نێوان 20 تاوەکو 30 هەزار لیتر تەونى سپى بۆ سلێمانى دەنێرێت، هەرچەندە هێشتا روون نییە تاوەکو کەى بەردەوامدەبێت، بەڵام بەپێى رێککەوتنى هەولێر و بەغدا، پلان ئەوەیە کە تاوەکو تەواوبوونى بەشەنەوتى پار و ئەمساڵ، ناردنى نەوتەکە بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ