وەزیری خوێندنی باڵا: دەکرێت جارێکی دیکە ئەنجامی زانکۆلاین رابگەیێنینەوە

31-10-2021
ژیار حەکیم
ژیار حەکیم @zhyar_hakim
بەشداریکردنی وەزیری خوێندنی باڵا لە بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"
بەشداریکردنی وەزیری خوێندنی باڵا لە بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لەبارەی ناڕەزایەتیی خوێندکاران لەو بەشانەی کە ناویان هاتووەتەوە دەڵێت، دەکرێت جارێکی دیکە ئەنجامەکانی زانکۆلاین رابگەیێندرێتەوە.
 
د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"ـی تەلەڤزیۆنی رووداو لەبارەی کێشەی خوێندکارە ناڕازییەکان گوتی، هەموو خوێندکارەکان جێگەی شایستەی خۆیان وەردەگرن، "دەزانم هەندێکیان نمرەیان بەرز بووە و لە شوێنێکی دیکە ناویان هاتووەتەوە.. بەڵام لەم پرۆژە نوێیەی ئێمە بەدڵنیاییەوە گۆڕانکاری لەو شوێنانەش دەکرێت".
 
لەبارەی ئەو پرۆژەی کە بڕیارە کاری لەسەر بکەن، وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێت، یەکێک لەو سیناریۆیانەی کە کاری لەسەر دەکەن ئەوەیە کە ساڵی رابردوو بەشەکان چەند خوێندکاریان وەرگرتووە، ئەمساڵیش بە هەمان ژمارە خوێندکار وەربگرن.
 
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشدا، "باشترین سیناریۆ بەلای منەوە ئەوەیە کە پلانی زانکۆکان بگەڕێنینەوە ساڵی پار و بەشێک لە رێژەی پارالێلەکانیش بخەینە سەر زانکۆلاین و بەخۆڕایی وەربگیرێن."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی ئەوەی کە چۆن دەتوانن ژمارەیەکی زیاتری خوێندکار لە کۆلێژەکان وەربگرن، وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێت، هەوڵدەدەن لە رێگەی سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێداویستی بۆ زانکۆکان دابین بکەن و هاوکارییان بکەن.
 
ماوەی چەند رۆژێکە خوێندکارانی دەرچووی پۆلی 12 ناڕەزایەتی لە سیستەمی زانکۆلاین و شێوازی وەرگرتنیان لە زانکۆ دەردەبڕن و لە بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان خۆپێشاندان و گردبوونەوەیان ئەنجامدا.
 
دوای خۆپێشاندانەکان وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند بڕیارێکی دا کە یەکێکیان ئەوە بوو، ئەو خوێندکارانەی کە تێكڕای نمرەیان لە 99 زیاترە لە بەشی پزیشکیی گشتی وەربگیرێن. لەبارەی ئەوەی کە ئایا وەرگرتنی خوێندکاران لە ئەنجامی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕین کێشە بۆ داهاتووی زانکۆ و خوێندکارەکان دروستناکات ئارام محەممەد دەڵێت، بە وەرگرتنی چەند خوێندکارێک زیاتر کێشە دروست نابێت لەسەر ئایندەیان.
 
دکتۆر كامەران یونس، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی هەولێری پزیشكی کە لە بەرنامەکە بەشدار بوو دەڵێت، وەرگرتنی خوێندکاری زیاتر کاریگەرییەکی تەواوی دەبێت لەسەر کوالێتیی کۆمەڵەی پزیشکی.
 
 
هەر ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وەزیری خوێندنی باڵا لە وەڵامی پرسیاری رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لەبارەی وەرگرتنی 100٪ـی قوتابیان و خوێندکاران کە هەر نمرەیەکیان هەبێت رایگەیاند، "100٪ ئەوانەی داواکارییان پێشکەشکردووە، لە زانکۆلاین جێگەیان دەکەینەوە، لە زانکۆکان جێگەیان دەکەینەوە، بەرمەبنای ئەو نمرانەی کە خۆیان داوایان کردووە، نەک بەرمەبنای داواکارییەکانیان، هەندێک گرفت لەوەیە داواکاییەکانیان بەرزترە لە نمرەکانیان، هەمووشمان دەزانین نرخی کورسی نمرە و کێبڕکێی نمرە دروستی دەکات، من نرخی لەسەر دانانێم."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لێبووردنی گشتیی دەرکرد

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لێبووردنی گشتیی دەرکرد. بەگوێرەی بڕیارەکە، لێبووردنەکە تەنیا بەرپرس و چەکدارانی داعش و ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە دەستیان لە تەقینەوەدا هەبووە