نێچیرڤان بارزانی: د. نەجمەدین کەریم تەمەنی گەنجیی خۆی بەخشییە شۆڕشی کوردستان


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک رایدەگەیێنێت، هەواڵی کۆچیی دواییەکەی بۆ "ئێمە و گەلی کوردستان خەمناک بوو"، ئەو دڵسۆزی كوردستان و نەتەوەكەی بوو و تەمەنی گەنجیی خۆی بەخشییە شۆڕشی كوردستان. 
 
لە پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، د. نەجمەدین کەریم وەك پزیشكێكی لێهاتوو و پێشمەرگەیەك بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی گوڵاندا كردووە، "له‌ كاتى نه‌خۆشكه‌وتنى بارزانيى نه‌مردا، دڵسۆزانه‌ خزمه‌تى كرد. لە ئەمریكاش وەك پزیشكێكی كارامه‌ كاری كرد بەبێ ئەوەی لە خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی داببڕێت".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە باسی د. نەجمەدین کەریم دەڵێت، هۆگری و پابەندییەكی بێسنووری بۆ شارەكەی، كەركووك، هەبوو. دوای ئەوەی بووە پارێزگار، زۆر كاری گرنگی خزمەتگوزاری بۆ كه‌ركووك ئه‌نجام دا، "دووركەوتنەوەشی لە كەركووك بە شێوەیەكی نائاسایی و بارودۆخی ئاڵۆزی شاره‌كه‌، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر دروستكردبوو". 
 
لەکۆتایی پەیامەکەیشیدا ئاماژەی بەوە کردووە، خەبات و دڵسۆزیی د. نەجمەدین كەریم لە بیری ئێمە و هەموو دۆست و ئاشنایانی و خەڵكی كوردستاندا بە زیندوویی دەمینێتەوە. 
 
دەقی پرسه‌نامه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ كۆچى دوایی د. نه‌جمه‌دين كه‌ريم 
 
كۆچی دوایيی د. نەجمەدین كەریم، بۆ ئێمە و بۆ گەلی كوردستان هەواڵێكی خەمناك بوو. پرسە و سەرەخۆشيی قووڵم پێشكه‌ش بە هاوسەر و منداڵەكانی، كەسوكار و خزمانی و خەڵكی كەركووك و گەلی كوردستان دەكه‌م، هاوخه‌ميانم.
 
د. نەجمەدین كەریم، تەمەنی گەنجیی خۆی بەخشییە شۆڕشی كوردستان و وەك پزیشكێكی لێهاتوو و پێشمەرگەیەك بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی گوڵاندا كرد. له‌ كاتى نه‌خۆشكه‌وتنى بارزانيى نه‌مردا، دڵسۆزانه‌ خزمه‌تى كرد. لە ئەمه‌ریكا وەك پزیشكێكی كارامه‌ كاری كرد بەبێ ئەوەی لە خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی داببڕێت.
 
هۆگری و پابەندییەكی بێسنووری بۆ شارەكەی، كەركووك هەبوو. دوای ئەوەی بووە پارێزگار، زۆر كاری گرنگی خزمەتگوزاری بۆ كه‌ركووك ئه‌نجام دا، دووركەوتنەوەشی لە كەركووك بە شێوەیەكی نائاسایی و بارودۆخی ئاڵۆزی شاره‌كه‌، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر دروستكردبوو.
 
د. نەجمەدین دڵسۆزی كوردستان و نەتەوەكەی بوو، لەبەر ئەوەش پەیوەندییەكی زۆر فراوانی لەگەڵ خەڵك و هێز و لایەنەكانی كوردستاندا هەبوو، به‌تايبه‌تى سه‌رۆك بارزانى و خوالێخۆشبوو سه‌رۆك مام جه‌لال، بۆ هه‌موو ئەو ئەركانەش ئاماده‌ بوو كه‌ بەهۆی ئەو پەیوەندییە فراوانەیەوە دەكەوتنە سەرشانی.
 
خەبات و دڵسۆزیی د. نەجمەدین كەریم لە بیری ئێمە و هەموو دۆست و ئاشنایانی و خەڵكی كوردستاندا بە زیندوویی دەمینێتەوە. 
 
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
31/10/2020