بەرپرسانی ئیدارەی شنگال سەردانى کۆچۆ دەکەن

31-10-2018
ناسر عەلی
نیشانەکردن شنگال
A+ A-

رووداو - شنگال

بەرپرسانی ئیدارەى شنگال لەنزیک تەلەعفەرن و بەنیازن یەکەم شوێن سەردانى گوندى کۆچۆ بکەن و دواتر بگەنە شنگال و لەوێ قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانى سنوون و گرعزێر دەوامى خۆیان بکەن. هەروەها ژمارەیەک هاونیشتمانی شنگال کە دەڵێن لایەنگری پەکەکەن، لە دەروازەی شنگال گردبوونەتەوە و دژی گەڕانەوەی ئیدارەی شنگالن. 

سەیدۆ چەتۆ، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگای نەینەوا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوان گەیشتوونەتە تەلەعفەر و تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەک نییە و بەڕێوەبەرى پۆلیسى پارێزگای نەینەوا و ژمارەک بەرپرسى ئەمنى نەینەوا لەگەڵ ئێمەدان و یەکەم شوێنیش سەردانی گوندى کۆچۆ دەکەین، دواتر دەچینە قایمقامییەتی شنگال و دەگەینە ناحیەی سنوون". 

دەربارەى ئەوەی چەند لایەنگرێکی پەکەکە لە زاڵگەی ئوم شەبابیک چوونە نێو شنگال و دژ بە گەڕانەوەى ئیدارەى شنگال گردبوونەتەوە، سەیدۆ دەڵێت "ئەوان خەڵکى ئێمەن، لەوانەیە گلەیى نەبوونى خزمەتگوزارییان هەبێت، ئامادەین ئەوان ببینین و هیچ کاریگەرى لەسەر گەڕانەوەى ئیدارەى شنگال نابێت و دڵنیاین هەموو هێزەکانى شنگال پشتگیرى لە ئیدارەى شنگال دەکەن".

هەروەها مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال گوتی لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو پرسەداین.
                                                                                           
پێشتر سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند بوو کە رۆژی چوارشەممە ئیدارەی شنگال و هەرسێ ناحیەکە دەگەڕێندرێنەوە قەزاکە و فەرمانبەرانی دەست بەکارەکانیان دەکەنەوە. 

لە 15ـی ئۆکتۆبەرى 2017 و دوای هاتنى حەشدى شەعبى و سوپای عێراق بۆ شنگال، ئیدارەى شنگال هەر یەک لە قائیمقامى شنگال، بەڕێوەبەرى ناحیەکانى سنوون و گرعزێر لە پارێزگای دهۆک دەوامى خۆیان دەکرد، حەشدى شەعبى لە شوێنى ئەوان سێ فەرماندەى کوردی ئێزدى سەر بە حەشدى شەعبى، کە پێشتر لەناو پارتەکانى سەر بە پەکەکە بەرپرسبوون بە وەکالەت لە شوێنى ئەوان دانراون و تاوەکو ئێستا ئەوان بە وەکالەت کاریانکردووە.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە