لە هەڵەبجەی تازە گەنجێك لەسەر مانگایەك دەكوژرێ
رووداو – هەولێر
رێكەوت داوای لە دراوسێكانی كردبوو كە چاویان لە مانگاكەیان بێ و رێگە نەدەن بێتە ناو ماڵەكەی، لەسەر ئەوە دەبێتە دەمەقاڵەیان و دوو كوڕی دراوسێكەیان رێكەوت دەكوژن، پۆلیس هەردوو تۆمەتبارەكەی دەستگیركردووە.
شەوی 23/10/2018 گەنجێكی تەمەن 29 ساڵ بەناوی رێكەوت رەزا، دانیشتووی گەڕەكی شارستانی لە هەڵەبجەی تازە، لەلایەن دوو براوە كە دراوسێی بوون، كوژرا. رێكەوت باوكی دوو منداڵ بوو.
سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی ئەو رووداوە رایگەیاند: " كەسێك بەناوی رێكەوت رەزا لە ماڵەكەیدا كوژراوە. هەر 30 خولەك دوای رووداوەكە پۆلیس دوو تۆمەتبارەكەی دەستگیر كردن و دۆسیەی بۆ كردنەوە".
سەبارەت بە ناسنامەی تۆمەتبارەكان و هۆكاری تاوانەكەش، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: "دوو تۆمەتبارەكە بران و دراوسێی كوژراوەكەن، هەر لە لێكۆڵینەوەی سەرەتایی ئیعترافیان كردووە كە ئەو دراوسێیەیان بە چەقۆ كوشتووە، بەڵام پەشیمانن و دەڵێن ئەوان بە مەبەستی كوشتن لێیان نەداوە، تەنیا ویستوویانە بیترسێنن".
كاوە عەتا كە ئامۆزای رێكەوتە، لە دووەم رۆژی پرسەی ئامۆزاكەیدا لەبارەی ژیانی ئەوەوە قسەی بۆ (رووداو) كرد و گوتی: "ئامۆزاكەم خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە، چەند ساڵێكە لەو گەڕەكەیە، هەتا ئێستا كێشەی لەگەڵ كەس نەبووە و كەس گلەیی لێی نەبووە. كەسێكی زۆر كاسبكار بوو، ئەگەر لە دەرەوە كێشەیەكی هەبووبێ، یان كەسێك كێشەیەكی هەبووبێ، بەردەوام هەوڵی داوە بە هێمنی چارەسەری بكات".
دوای كوژرانی رێكەوت، هاوژینەكەی باسی كێشەی رێكەوتی لەگەڵ دراوسێكانی بۆ كەسوكاری رێكەوت كردووە، گوتوویەتی رۆژێك پێش رووداوەكە مانگایەكی ئەو ماڵەی دراوسێیان هاتووەتە ماڵی ئەوان، كاتێك رێكەوت نیوەڕۆ لە كارەكەی هاتبووەوە، پێیگوتووە كە بەو ماڵە دراوسێیە بڵێت ئاگاداری مانگاكەیان بن و چیدی بەرەڵڵای نەكەن، چونكە دێتە ماڵی ئەوان و پیسی دەكات.
كاوە دەڵێت: "رێكەوت چوو بوو بۆ ماڵی دراوسێكەیان، تەنیا ئەوەندەی گوتبوو كە ئاگاداری مانگاكەتان بن، با چیدی نەیەتە ماڵەكەمان، هەر ئەوەندەی گوتبوو، دواتر گەڕابووەوە سەر كارەكەی".
رێكەوت ئێوارە دەگەڕێتەوە ماڵەوە، پاش خواردنی نانی ئێوارە دەچێتە سەرتاشخانەی ئەو دوو برایەی دراوسێیان و لەوێ قژی چاك دەكات و دواتریش بە هەردوو براكە دەڵێت :"لەسەر ئەوەی كە ئەمڕۆ روویدا داوای لێبوردنتان لێدەكەم، ئێمە دراوسێی یەكدین، بەڵام مانگەكەتان دێتە ماڵەكەی ئێمە و ریخ دەكات و بۆنی دێ".
وەك ئەو ژنە باسی دەكات، سەعات 10:30 خولەكی هەمان ئەو شەوە لەگەڵ دەنگی لەدەرگادان خەبەریان دەبێتەوە، رێكەوت بە چاوی خەوەوە دەچێ دەرگا بكاتەوە، بەڵام لەبەردەگا دەبێتە دەنگە دەنگ. كاتێك هاوژینەكەی دەچێتە دەرەوە، دەبینێ دراوسێكانی هاتوونەتە سەریان، لەو كاتەدا بە چەقۆ بەردەبنە گیانی رێكەوت و دواتر هەڵدێن".
هاوژینەكەی كە مێردەكەی بە برینداری دەبینێت، شۆك دەبێت و لە جێگای خۆی بێدەنگ دەبێت. تا ئەو كاتەی پۆلیس دەگات رێكەوت دەمرێت، پاشان تەرمەكەی رەوانەی نەخۆشخانە دەكەن.
كاوە دەڵێت: "هاوژینی رێكەوت هێشتا شۆكی رووداوەكە بەرینەداوە، چونكە مێردەكەی بە بەرچاوییەوە كوژراوە، ئێستا باری دەروونی باش نییە".