وەزارەتی دارایی عێراق بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژی پەسند کرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندی لەسەر بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ دا. پەرلەمانتارێکی عێراقیش دەڵێت: ئەو رەزامەندییەی حکومەتی عێراق، گەرەنتیی مووچەی ئەو مامۆستایانە دەکات.
ئەمڕۆ (شەممە، 31ـی ئاب) سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق واژۆی لەسەر بڕیاری بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد."
ئاماژەی بەوەشدا، "وەزارەتی دارایی عێراق لە 14ـی تەممووزی ئەم ساڵدا راسپاردەی بۆ بە گرێبەستکردنی وانەبێژان بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ناردووە، ئێستاش رەزامەندیی لەسەر داوە، ئەم رەزامەندییەی حکومەتی عێراقیش گەرەنتیی مووچەی ئەو مامۆستایانە دەکات و لە داهاتوودا ناویان دەخرێتە نێو لیستی مووچەی هەرێمی کوردستان."
کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست بە رووداوی گوت، "ئەم گرێبەستە سەرەتایەکی باش دەبێت بۆ ئەو مامۆستایانە، چونکە تاوەکو بودجەی 2026 مافیان پارێزراو دەبێت."
حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممە (25-8-2024) رایگەیاند، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم، لەسەر داهاتی ناوخۆ، سەرجەم وانەبێژانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت، دەکرێنە گرێبەست.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، پارەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانی وانەبێژان، مانگانە 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.
ئێستا مووچەی وانەبێژانی پەروەردە بەگوێرەی بڕوانامەکانیان لەنێوان 200 بۆ 400 هەزار دیناردایە، بەڵام ئەوانەی دیپلۆمی باڵایان هەیە 425 هەزار دینار وەردەگرن.