شارەوانیی سلێمانی: 17 هەزار دۆنم زەوی بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا ئامادەیە

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
چەند پارچە زەوییەک لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
چەند پارچە زەوییەک لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، سەرجەم ئەو زەوییانەی بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا ئامادە کراون، دەکەونە نێو ماستەرپلانی شارەکەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، 17 هەزار دۆنم زەوی ئامادەیە و لیژنەیەک بۆ خێراترکردنی پڕۆسەی دابەشکردنیان پێکهێنراوە.
 
ئەمڕۆ شەممە 31-08-2024، زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، رایگەیاند، لیژنەیەک لە شارەوانی پێکهێندراوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات رێکارە یاساییەکانی پەیوەست بە دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران تەواو بکرێن.
 
زەردەشت رەفیق گوتی، ئەو زەوییانەی لە سنوورەکە بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا ئامادە کراون، نزیکەی 17 هەزار دۆنم دەبن و سەرجەمیان دەکەونە نێو ماستەرپلانی شاری سلێمانییەوە.
 
بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی لەبارەی گواستنەوەی ئەو زەوییانە بۆ سەر شارەوانییەکە دەڵێت، ''ئەگەر موڵکی حکومەت بن، رێکارەکانی ئاسانن، بەڵام ئەگەر موڵکی هاونیشتمانییان بن، دەبێ سەرەتا خاوەنەکانیان قەرەبوو بکرێنەوە کە ئەوەش پێویستی بە بودجەیە.''
 
زەردەشت رەفیق گوتیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان لە جێبەجێکردنی بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا جیدین و بەپێی بەرنامە دیاریکراوەکان دەچنە پێشەوە.
 
بەگوتەی بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی، ئەو زەوییانەی بڕیارە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێن، دەکەونە سنووری ناوچەکانی تاسڵوجە، سۆتکە و تانجەرۆی شارەکە.
 
زەردەشت رەفیق گوتیشی، ئەو ‏زەویانە 200 مەترین ‌و بۆ هەر مەترێكیش 5 هەزار دینار لە فەرمانبەران وەردەگیرێت،‌ واتە نرخی هەر زەوییەک دەگاتە یەک ملیۆن دینار.
 
بەشێک لە فەرمانبەران گلەیی لە شوێنی زەوییەکان دەکەن و دەڵێن، ''شوێنەکانیان زۆر خراپە و پارە ناکەن''. بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی لەوبارەوە گوتی، ''ئەمە پەیوەستە بە نیشتەجێبوون و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان. ئەگەر ئاوەدان بکرێنەوە و خزمەتگوزارییان بۆ بچێت، بێگومان نرخیان بەرز دەبێتەوە.''
 
یەکێک لەو گرفتانەی لە زۆرینەی شارەکانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی شارەوانییەکان دەبێتەوە، دابینکردنی زەوی و گواستنەوەی زەویی کشتوکاڵییە بۆ سەر شارەوانییەکان. زەردەشت رەفیق رایگەیاند، ''بێگومان کورتهێنانی زەوی نابێتە کێشە لەبەردەم دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراند. بەرنامە و پلان داندراون کە هەر گرفتێک هەبێت چارەسەر بکرێت.''
 
رۆژی 27-03-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون. بڕیاری دابەشکردنەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نووسراوەکە کە واژۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی بەسەرەوەیە

وەزارەتی دارایی عێراق بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژی پەسند کرد

وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندی لەسەر بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ دا. پەرلەمانتارێکی عێراقیش دەڵێت: ئەو رەزامەندییەی حکومەتی عێراق، گەرەنتیی مووچەی ئەو مامۆستایانە دەکات.