لە رۆژهەڵاتی کوردستان 4 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە رۆژهەڵاتی کوردستان 4 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ئێوارەی دوێنێ لە نزیک شاری پۆلدەشتی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیژۆ پارس، 2 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
محەممەدنەژاد، بەڕێوەبەری پۆلیسی ماکۆ و پۆلدەشت لەو بارەیەوە رایگەیاند، 3 کەس لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، دووانیان گیانیان لەدەستداوە و ئەوی دیکەش برینداربووە.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی ماکۆ و پۆلدەشت، تیژڕۆیی و لەدەستدانی کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی بە هۆکاری رووداوەکە ناوبرد.
 
لە رووداوێکی دیکەدا لە نزیک شاری (شۆت)ی سەر بە پارێزگای ورمێ، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت وەرگەڕا و 5 سەرنشینەکەی بریندار بوون.
 
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری گشتیی خاچی سووری پارێزگاکە گوتی، رووداوەکە کاژێر 18:41ـی ئێوارە بە کاتی ورمێ (18:11 بەکاتی هەولێر) روویداوە.
 
حەمید مەحبووبی گوتیشی، هەر پێنج سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە دوای گوێزراونەتەوە نەخۆشخانە.
 
هاوکات لە نزیک شاری خوڕەمئاوای پارێزگای لوڕستانیش ئۆتۆمبێلێک لە جۆری پیژۆ 405 وەرگەڕا و بەو هۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
 
محەممەد زارعی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، دوو سەرنشینەکە خەڵکی پارێزگایەکی دراوسێی لوڕستان بوون و  تیژڕۆیی و لەدەستدانی کۆنترۆڵی بە هۆکاری رووداوەکە دانا.