لە کۆیە منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ لە حەوزێکدا خنکا
رووداو دیجیتاڵ
منداڵێکى تەمەن دوو ساڵان کە خێزانەکەی دانیشتووى تەقتەقن، کەوتە نێو حەوزێکى مەلەکردن و خنکا.
ئەمڕۆ (شەممە، 31ـی ئابی 2024) گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمشەو نزیکی کاژێر 10:00، منداڵێک بە ناوی مەرد سیروان فاتیح، تەمەنی 2 ساڵ، کەوتووەتە ناو حەوزێکى مەلەکردن لە سەیرانگاى بۆگدیی ناحیەی ئاشتی و خنکاوە."
گوتیشی، "رووداوەکە بەهۆى بێئاگایى خێزانەکەیەوە روویداوە و تەرمەکەى دەرهێنراوەتەوە."
بەگوێرەی ئامارێکی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 20ـی ئایار، هەزار و 292 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و خنکان و هەڵدێران روویانداوە و بەهۆیانەوە 61 کەس گیانیان لەدەستداوە.