ئاگر لە چیای ئاوەگرد کەوتووەتەوە؛ 'زۆر گەورەیە و کۆنترۆڵکردنی لە توانای مرۆڤدا نییە'

رووداو دیجیتاڵ

ئاگر لە چیای ئاوەگرد لە سنووری سماقووڵی سەریهەڵدایەوە، دوای ئەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆنترۆڵ کرابوو. ئاگرەکە زۆربەی چیاکەی داگیرکردووە و تیمەکانی بەرگریی شارستان و خەڵک هەوڵی کوژاندنەوەی دەدەن، بەڵام تائێستا بێ ئەنجام بوون.
 
ئاگرەکەی ئەمشەو (شەممە، 31ـی ئابی 2024) تاوەکو ئێستا (کاژێر 11:30) کۆنترۆڵ نەکراوە، ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە دەڵێت، "دوای ئەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگر کەوتەوە، بەهاوکاریی خەڵکی گوندەکە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی ئێوارە توانرا کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام ئەمشەو جارێکی دیکە سەریهەڵدایەوە و دارستانێکی چڕ دەسووتێت."
 
 
نەقیب سەرکەوت فوئاد، لێپرسراوی بنکەی بەرگریی شارستانیی کۆیە بە رووداوی گوت، "سێ تیممان ناردووەتە شوێنی رووداوەکە، گومانیش دەکەین ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەبای یەکێک لە کێڵگەکانی بەخێوکردنی مریشک بووبێت کە لەو ناوچەیەدان."
 
موختاری گوندی سماقووڵی بە پەیامنێری رووداوی گوت، "ئاگرەکە زۆر گەورەیە و کۆنترۆڵکردنی لە توانای مرۆڤدا نییە، ناوچەکەش سەرتاپا پووش و داربەڕووە."

 

 
گوتیشی، "گومان دەکەین بە ئەنقەست ئەو ئاگرە کرابێتەوە."
 
پەیامنێری رووداو دەڵێت، "لە چیاکە ژمارەیەکی زۆر مین هەیە، ئەمە گرفتی بۆ بەرگریی شارستانی دروستکردووە، هەروەها ئەو شوێنەی ئاگرەکەی لێکەوتووەتەوە رێگەی ئۆتۆمبێلی نییە، تەنیا پیادە دەتوانێت بگاتە شوێنی ئاگرەکە."