دوایین رۆژە بۆ ناردنی فۆڕمی وەرگرتنی زەوی بۆ وەزارەتەکان

31-08-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن. گوتەبێژی شارەوانییەکانی سلێمانی دەڵێت، رۆژی شەممە دوایین وادەیە بۆ وردبینی لە فۆڕمەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ وەزارەتەکان.
 
ئاوات دەباخ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارەکە بەو جۆرەیە کە ئەمڕۆ هەموو فەرمانگەکان ناوی فەرمانبەرەکانیان بگەڕێننەوە وەزارەتەکانیان، بەڵام دەکرێت ئەو کارە بەهۆی بایکۆتەوە چەند رۆژێک دوابکەوێت".
 
لە سنووری سلێمانی و قەزا و ناحییەکانی پارێزگاکە، 35 هەزار کەس لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن. ئاوات دەباخ دەڵێت، زۆرینەی رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی تەواوکراون.
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵای کارگێڕی لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەردەوامن و وردبینی لە فۆڕمەکاندا دەکرێ؛ گوتیشی، کارەکان تەواو نەکراون.
 
بە گوێرەی شارەوانییەکانی هەڵەبجە بۆ رووداو، لە سنووری پارێزگاکە نزیکەی 15 هەزار فەرمانبەر مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە.
 
شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، فەرمانبەران فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و دوای وردبینی نێردراونەتەوە وەزارەتەکانی خۆیان.
 
لە دهۆکیش رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەردەوامن. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، وردبینی لە فۆڕمە پڕکراوەکاندا دەکرێت.
 
قۆناخی دواتر
 
دوای ئەوەی فۆڕمی فەرمانبەر دەگاتەوە وەزارەتەکەی خۆی، وردبینی بۆ دەکرێتەوە و ئیدی نووسراوێک ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. دواتر ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمانێک رەزامەندی دەردەبڕێت و رەوانەی وەزارەتی شارەوانی دەکات و وەزارەتەکەش فەرمان دەردەکات و بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دەنێرێت.
 
گرفتەکانی بەردەم دابەشکردنی زەوی
 
یەکێک لەو گرفتانەی لە زۆرینەی شارەکانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی شارەوانییەکان دەبێتەوە، دابینکردنی زەوی و گواستنەوەی زەوی کشتوکاڵییە بۆ سەر شارەوانییەکان.
 
لەو چوارچێوەیەدا 29-08-2024، ژمارەیەک جووتیار لە بەردەم شارەوانیی رانیە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی دژی گۆڕینی رەگەزی زەوییەکانیان لە کشتوکاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون ناڕەزاییان دەربڕی.
 
گوتەبێژی شارەوانییەکانی سلێمانی دەڵێت، لە شارە جیاوازەکان لیژنە پێکهێندراوە بۆ قەرەبووکردنی ئەو جووتیارانەی زەوییەکانیان دەخرێتەسەر شارەوانی و دابەش دەکرێت.
 
ئاوات دەباخ گوتی، لیژنەکان لەسەر داوای جووتیارەکە قەرەبوو دیاری دەکەن، ئەویش بە تەرخانکردنی زەوی بۆیان یان قەرەبووکردنەوەیان بە بڕێک پارە کە بە نرخی رۆژ زەوییەکەی دەخەمڵێندرێت.
 
یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی وەرگرتنی زەوی سوودمەندنەبوونی پێشتری فەرمانبەرەکەیە و دەبێت بەڵێننامەش پڕبکاتەوە کە پێشتر سوودمەند نەبووە، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێت.
 
رێکارەکان لە کاتێکدان 27-03-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوون.
 
بڕیاری دابەشکردنەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
  
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت. دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
 
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە