رووداو دیجیتاڵ
شوێنى کەڵبە و قەپاڵی گورگ بە رووخسار و جەستەى پیاوێکى شوانکار لە گوندى نەوێی بنارى سوورێنی سەر بە ناحیەى خوورماڵ لە هەڵەبجە دیارە، ئەو شوانە چیرۆکی رزگاربوونی لە مردن بەدەست گورگەکەوە، لەڕێگەی رووداو دەگێڕێتەوە.
حوسێن حەمەشامە، نیوەی زیاترى تەمەنى خۆی لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا بەسەربردووە، بەڵام یەکەمجار بوو لە نزیکەوە گورگ ببینێت، کاتێک پەلاماری دا، وەک خۆى دەڵێت 'گێڕانەوەی ئەو رووداوە، هەر بە دەم ئاسانە.'
هەموو گیانی حوسێن حەمەشامە، برینە و هێشتا بەدەست ئازارەوە دەناڵێنێت و برینەکانی تەڕن، بەمشێوەیە باسی رووداوەکە دەکات "10 خولەکی رۆژ مابوو، لەو شاخە بووم لە لاى ئاژەڵەکان، لەپڕ گورگێکم بینى و بۆم هات، یەکەمجار پەلامارى دام و راومنا، رایکرد و دیسان هاتەوە و قەپاڵی لە سەرم گرت."
برینەکانی رووخساری حوسێن، شاهێدن بۆ قسەکانی. ئەو، بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی چۆنیێتییە پەلاماردانی لەلایەن گورگەکەوە و گوتی "ویستى قوڕگم بگرێت، ورەم دایە بەر خۆم و گوتم با نەمکوژێت، بۆیە دەستم کرد بە دەمیدا و ددانەکانی چوون بە دەستمدا، ئیتر سوێ چووە دڵمەوە."
پێش ئەوەی بگاتە گوندی نەوێ، پەیامنێری رووداو هەواڵى گورگە پەلاماردەرەکەی لە هەندێک خەڵک پرسى. ستار حامید، ئاژەڵدار گوتی "من، دەمێکە لەم گوندەدا شوانم و گورگم نەبینیوە، بەڵام دەڵێن گورگ هەیە."
رێبوار محەممەد، کرێکارە و باسی پەلامارەکەی بیستووە، دەڵێ "(گورگ) لەو لووتکەى شاخە بووە، پەلامارى کاک حوسێنى داوە و بریندارى کردووە."
جەلال حەمەعەلى، جووتیارە و ناسیاوی حوسێنە، باسی ئەوە دەکات "من، ئەو رۆژەی هەواڵەکەیان پێدام، چووم بۆ سەردانى، دەموچاو و سەرى هەمووى وێران بووە."
هەمان رۆژى رووداوى یەکەم، گورگەکە پەلامارى گەشتیارێکى دیکەى دابوون کە بۆ ماسى کڕین هاتبووە گوندەکە، ئەویشی بریندار کردبوو بەڵام برینەکانی ئەو سووکتر بوون.
بەپێی یاسا و رێنماییەکانی تایبەت بە قەدەخەکردنی راو و پاراستنی ئاژەڵی کێوی لە هەرێمی کوردستان، حوسێن و هاوشێوەکانی تەنیا لە یەک کاتدا دەتوانن راوی چەقەڵ، گورگ و بەراز بکەن ئەویش ئەگەر هاتبنە نێو رەز و باخەکانیان یان پەرژینی ئاژەڵەکانیانەوە، لەوە زیاتر؛ ئەگەر ئەو گورگە لەوە خراپتریشی لە حوسێن کردبووایە، بۆی نەبوو تەقەی لێبکات، یان راوی بکات، بەپێچەوانەوە بە بڕی 300 هەزار دینار سزای دارایی دەدرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ