چەند کۆمپانیایەک ئامادەن ئۆتۆمبێل بە قیست بدەنە مامۆستایان ئەگەر مووچە جێگیر بێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند ژمارەیەک کۆمپانیا داواکارییان پێشکێشکردووە و ئامادەن ئۆتۆمبێل بە قیست بدەنە مامۆستایان، هەرکاتێک مووچەی مامۆستایان سەقامگیر بێت، گرێبەستیان لەگەڵدا دەکرێت.
 
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی رێکخراوی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 31-8-2023) لەبارەی پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیستی مانگانە بە مامۆستایان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەیەک کۆمپانیا ئامادەییان نیشانداوە بەڵام بەهۆی ناسەقامگیریی مووچەوە ئەو بابەتە راگیراوە."
 
ئەحمەد گەرمیانی، گوتیشی "ئەگەر مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان بەردەوام و سەقامگیر بێت، ئەو کۆمپانیایانە ئامادەن گرێبەست لەگەڵ یەکێتیی مامۆستایان بکەن، بۆیە تاوەکو مووچە دیارنەبێت و سەقامگیر نەبێت، ئەو بابەتە ناکرێت."
 
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئەو ئۆتۆمبێل و کۆمپانیایانە دیارن لە هەرێمی کوردستان و جۆری ئۆتۆمبێلەکانیشیان جیاوازە و دروستکراوی چەند وڵاتێکی جیاوازن، لەنێویاندا ئۆتۆمبێل و کۆمپانیا بەنێوبانگەکان.
 
بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دواکەوتووە، بەجۆرێک تاوەکو ئەمڕۆ کە 31ـی ئابی 2023ـە، مووچەخۆران مووچەی مانگی تەمموزیان وەرنەگرتووە.