بەڕێوەبەری سامانی ماسی: بەرهەمی ماسی نزیکەی 65%ی خواستی نێوخۆیی پڕدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ماسی رایدەگەیێنێت، بەرهەمی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی 8 هەزار تۆنە و نزیکەی 65%ی خواست و پێداویستیی نێوخۆیی پڕ دەکاتەوە. دەشڵێت، 411 پرۆژەی مۆڵەتپێدراوی بەرهەمهێنانی ماسی لە هەرێمی کوردستان هەیە.
سیروان سەعید، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی گوت، "بەرهەمی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 60% بۆ 65%ی پێداویستی و خواستی نێوخۆیی پڕدەکاتەوە، هەرچەندە ئێستا پێداویستیی ناوخۆیی زیاترە لە جاران."
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتیشی، بەرهەمی ساڵانەی هەرێمی کوردستان نزیکەی 7 بۆ 8 هەزار تۆن ماسییە، لەکاتێکدا ساڵانە پێویستمان بە نزیکەی 12 هەزار تۆنە.
لەبارەی پرۆژەی بەرهەمهێنانی ماسی لە هەرێمی کوردستان، سیروان سەعید دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان 411 پرۆژەی بەرهەمهێنانی ماسی هەن، لە سنووری تەقتەق نزیکەی هەزار حەوزی بێمۆڵەت هەن، ئێستا پرۆژەیەکی وەبەرهێنان هەیە لە پارێزگای دهۆک بۆ بەرهەمهێنانی ماسی، بەگوێرەی پرۆپۆزەڵەکەی توانای بەرهەمهێنانی ماسی هەیە بۆ هەرێمی کوردستان و زیاتریش، بەڵام هێشتا هەر لەسەر کاخەزە و نزیکەی 5%ی کراوە."
لە هەرێمی کوردستان چوار پرۆژەی حکومی لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و ئیدارەی گەرمیان هەن بۆ بەرهەمهێنانی پەنجەماسی.
سیروان سەعید دەڵێت، "ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ماسی، سێ پرۆژەی بەرهەمهێنانی پەنجە ماسیمان هەن کە لە دهۆک و گەرمیان و سلێمانین. هەردوو پرۆژەکانی گەرمیان و سلێمانی کار ناکەن و پەنجەماسی بەرهەم ناهێنن و ئەوەی دهۆکیش بە رێژەیەکی زۆر کەم بەرهەمی هەیە."
بە گوتەی سیروان سەعید، "پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی پەنجەماسی لە هەولێر هەیە و لەسەر بەڕێوەبەرایەتیی ئەوان لابراوە و خراوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکی دیکە."
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، کۆتایی مانگی تەممووز بڵاویکردەوە کە 200 هەزار پەنجەماسیی خستووەتە بەنداوی دەربەندیخان.
بەڕێوەبەری سامانی ماسی دەڵێت، ئەمساڵ پەنجە ماسی تەنیا خراوەتە هەردوو بەنداوی دەربەندیخان و خنس لە پارێزگای دهۆک، ئەویش لە پرۆژەی بەرهەمهێنانی پەنجەماسیی عەنکاوە لە هەولێر بەرهەمهاتبوو کە نزیکەی 70 هەزار پەنجەماسی خرایە بەنداوی خنس لە دهۆک و نزیکەی 200 هەزار پەنجە ماسی خرایە بەنداوی دەربەندیخان.
لەبارەی وەگەڕخستنەوەی هەردوو پرۆژەی پەنجەماسیی سلێمانی و گەرمیان، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دوو پرۆژەیەی بەرهەمهێنانی پەنجەماسی لە گەرمیان و سلێمانی، پێویستی بە نزیکەی سەد ملیۆن دینارە و ئێستا دەرخستەی پێشکێش بە وەزارەتی كشتوکاڵ کراوە، ئەگەر وەگەڕبخرێنەوە ساڵانە لانیکەم توانای نزیکەی 800 هەزار پەنجە ماسییان دەبێت.