رووداو - کەرکووک
گرووپێکی گوشار لە کەرکووک بەناوی "گرووپی گوشار بۆ کردنەوەی رێگەی شۆراو" دروستکرا بە ئامانجی لابردنی ئەو بەربەستانەی بەهۆی خۆپێشاندانی بەردەم فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە رێگەی کەرکووک - هەولێری داخراوە.
گرووپەکە پێکدێن لە زیاتر لە 500 کەس، دەیانەوێت سەرەتا بە شاندێک بچنە سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە ئارامی داوای کردنەوەی رێگەکە بکەن، بەڵام بە گوتەی خۆیان گوشارەکانیان تاوەکو ئەنجامدانی خۆپێشاندانیش درێژەی دەبێت.
رێبین رەمەزان، ئەندامی گرووپەکە دەڵێت، "ئێمە گرووپێکمان دروستکردووە، گرووپی گوشار، ناڕەزایی دەردەبڕین بۆ کردنەوەی ئەو رێگەیە، کۆمەڵێک ئالیەتمان لەبەردەستە و کۆمەڵێک نەخشەڕێگەمان هەیە کە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەیگرینەبەر."
مانگرتن و داخستنی رێگەی کەرکووک - هەولێر وا پێنج رۆژە بەردەوامە، تائێستاش بەهۆی گۆڕینی ئاراستەی رێگەکان بۆ نێو گەڕەکەکان زەحمەتیی زۆر کەوتووەتە بەردەم خەڵک.
پارتی دیموکراتی کوردستان سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە وەرگرتنەوەی بارەگاکانی لە کەرکووک. عارف روشدی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دەڵێت، "هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە کە ئەو کردەوەیە دەبێت کۆتایی پێبێت، داواشمان لە حکومەتی عێراق کردووە کە حکومەتایەتی بکات، ئەگەر حکومەتی عێراق حکومەتە، چۆن بڕیارێک دەردەکات و کۆمەڵێک چەکدار بە جلوبەرگی مەدەنییەوە بچن رێگری لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی بکەن؟"
یەكێتی بەرپرسیارێتیی کۆی ئەو رووداوانە و داخستنی رێگەکان دەخاتە ئەستۆی لایەنی ئیداری و ئەمنیی کەرکووک؛ رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی بە هەنگاوێکی ئاسایی و یاسایی دەزانن.
رێبوار تەها، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، "پێویستە لەسەر حکومەتی مەحەلیی کەرکووک و لایەنی پەیوەندیدار لە بەغدا بەپەلە بێنە سەر هێڵ لەسەر ئەم مەسەلەیە، چەند حیزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک بوونیان هەبێت، ئەوەندە کورد زیاتر بەهێز دەبێت."
لەنێو لایەنە کوردییەکانیشدا لە کەرکووک، کۆمەڵی دادگەری و لایەنە ئیسلامییەکانی دیکە خەریکی دانوستاندنن تاوەکو بەربەستەکانی بەردەم خەڵک هەڵبگیرێن.
فەرحان غەریب، نوێنەری کۆمەڵی دادگەری لە کەرکووک دەڵێت، "رێککەوتنمان لەگەڵ چەند لایەنێکی عەرەبی و چەند شێخێکی عەشیرەتەکان کردووە و دانیشتنمان هەیە لە یەکێک لە دیوەخانە گەورەکانی ئەم شارە، کە بەڕاستی ئەمە جێگەی قبووڵ نییە، ئەم دۆخەی دروستکراوە کە چەند گەنجێک بە دشداشە و نەعلەوە هاتوون ئەم کارەساتەیان بۆ خەڵک دروستکردووە، بۆیە ئێمە وەکو لایەنە ئیسلامییەکان و کۆمەڵی دادگەری ئەوە جێگەی قبووڵ نییە و هەڵوێستیشمان وەرگرتووە."
بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بە چۆڵکردنی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان، کە خاوەندارێتیی بۆ پارتی دەگەڕێتەوە، ناڕەزایی و خۆپێشاندانی نزیکەی حەوت لایەنی عەرەبی و تورکمانی بەدواداهات، کە بەردەوام دژی خواستە نەتەوەییەکانی کوردن لە کەرکووک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ