کۆمیسیۆن: دەبێت پارتە سیاسییە تۆمارکراوەکان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆنگرە ببەستن

31-08-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن کۆمیسیۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، ئەو پارتە سیاسییانەی لە کۆمیسیۆن تۆمارن و کۆنگرەیان بەسەرچووە، دەبێت کۆنگرە ببەستن. بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن.
 
د. هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 31-8-2023) بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "حیزبەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دوو بەش پۆلێن دەکرێن، بەشێکیان ئەوانەن کە لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەلای ئێمەوە تۆمارکراون، بەشەکەی دیکەیان ئەوانەن کە لەلای ئێمە تۆمارنین، ئەوانەی لەلای ئێمە تۆمارکراون و وادەی بەستنی کۆنگرەیان بەسەرچووە، دەبێت هەموویان کۆنگرە بکەن، چونکە بەپێی بڕیارە کارپێکراوەکانی ئێمە، نابێت هیچ حیزبێک کە لەلامان تۆمارکرابێت، کۆنگرەی نەبەستبێت یان بەسەرچووبێت."
 
د. هەیمان تەحسین ئاماژەی بەوە دا؛ بەهۆی ئەوەی کۆنگرەیان نەکردووە و کاتەکانیان بەسەرچووە، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کۆمیسیۆن رێگەی بە 103 حیزبی سیاسیی نەدا بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن، کە بڕیارە 18-12-2023 بەڕێوەبچێت.
 
بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، سەبارەت بەو لایەن و پارتە سیاسییانەی لە هەرێمی کوردستاندا کاری سیاسیی خۆیان دەکەن و لەلای کۆمیسیۆن تۆمارنین، گوتی "لە رۆژانی داهاتوودا داوا لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکەین ناوی سەرجەم حیزبە سیاسییەکانمان بۆ بنێرێت بۆ ئەوەی بزانین کامەیان لەلای ئێمە تۆمارنین و دواتر رێوشوێنەکانیان بۆ بڵاودەکەینەوە."
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان 03-08-2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی 09-10-2022 پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار تەمەنی خولی پێنجەمی بۆ کۆتایی 2023 درێژکردەوە، بەڵام 30-05-2023 دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە و "هەر شتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە، لەڕووی دەستوورییەوە پووچەڵە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان.

نێچیرڤان بارزانی داوا لە وڵاتانی زلهێز دەکات مافی کورد لە سووریا بپارێزرێت

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی هەفتەیەکدا لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی ئەڵمانیا، ئیتالیا، هۆڵەندا و سەرۆک ئەرکانی بەریتانیا و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش لە عێراق و سووریا کۆبووەوە.