بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی دهۆک: 95%ی دهۆک پسوولەی خۆراکمان کردووەتە دیجیتاڵی

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراک لە پارێزگای دهۆک رایدەگەیێنێت، گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ کارتی دیجیتاڵی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و نزیکەی 95%ی پسوڵەی خۆراک لە دهۆک کراونەتە دیجیتاڵی. دەشڵێت، لە مانگی ئەیلوولەوە لە پارێزگای دهۆک دابەشکردنی خۆراک بە پسوولەی دیجیتاڵی دەبێت.
 
حوسێن سەبری، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراکی دهۆک و هاوئاهەنگیکاری نێوان وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو رایگەیاند، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و گرفت بڕیاریدا سیستمی کۆبۆنی خۆراک بکرێتە دیجیتاڵی.
 
بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراکی دهۆک گوتیشی، پرۆژەکە لە قۆناخی یەکەم لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکرد، دواتر سلێمانی و هەڵەبجە و پاشان پارێزگای هەولێر دەبێت و قۆناخی ئەزموونیی تێپەڕاندووە و لە هەموو پارێزگاکانی عێراق جێبەجێ دەکرێت.
 
وەکو قۆناخی یەکەم، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاریدا لە سێ پارێزگا سیستمی نوێی فۆرمی خۆراک جێبەجێ بکات کە ئەوانیش پارێزگاکانی دهۆک، کەرکووک و کەربەلان. بۆ تەواوکردنی پرۆسەکەش سێ مانگ دیاریکرابوو کە لە رۆژی 16ی ئایار تاوەکو 15ی ئاب دیاریکرابوو.
 
حوسێن سەبری دەڵێت، بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە سێ مانگ دیاریکرابوو، بەڵام بەهۆی فراوانیی سنووری پارێزگای دهۆک، بە هەوڵی پارێزگاری شارەکە توانراوە بۆ ماوەی مانگێکی دیکە وادەکە درێژبکرێتەوە، بەڵام تەنیا یەک بنکە هەیە لە پارێزگای دهۆک و ئەویش لەنێو بەڕێوەبەرایەتییەکەیاندایە.
 
گوتیشی، لە پارێزگای دهۆک بۆ مانگی ئەیلوول دابەشکردنی خۆراک بە کارتی دیجیتاڵی دەبێت و بە سیستمە نوێیەکە دەبێت، هەروەک ئەو خۆراک و مادە خۆراکییانەی دێن، لە ماوەی یەک مانگدا هاونیشتمانی وەرینەگرێت، بەشە خۆراکی مانگانەکەی دەگەڕێتەوە و نایدرێتێ.
 
لەبارەی ژمارەی ئەو خێزانانەی لە پارێزگای دهۆک تاوەکو ئێستا فۆرمی خۆراکیان کردووەتە دیجیتاڵی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی دهۆک گوتی، "لە پارێزگای دهۆک 281 هەزار سەرۆک خێزان هەن، لەو ژمارەیەش تائێستا نزیکەی 267 هەزار خێزان، پسوولەی کارتی دیجیتاڵیی خۆراکیان بۆ نوێکراوەتەوە، کە دەکاتە نزیکەی 95%."
 
حوسێن سەبری گوتیشی، نزیکەی 2000 بریکاری دابەشکردنی خۆراک و ئارد لە پارێزگای دهۆک هەن و راهێنانی تایبەتیان پێکراوە بۆ جێبەجێکردن و کارکردن بە سیستمە نوێیەکە.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم پرۆگرامەی وەزارەتی بازرگانی لەسەر بنەمای کارتی نیشتمانی دروستکراوە و پێویستە هاونیشتمانییان کارتی نیشتمانی دەربهێنن، چونکە لە قۆناخی کۆتاییدا، هاونیشتمانییان ئەپڵیکەیشنێک دادەبەزێنن، هەموو مادە خۆراکییەکان و جۆری مادەکان لەو ئەپڵیکەیشنەدا و زانیارییەکان نووسراون."
 
بە گوتەی هاوئاهەنگیکاری نێوان وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و عیراق، لە داهاتوودا هاونیشتمانییان بۆ زیادکردنی هەر ئەندامێکی نوێ لە خێزانەکەیان دەتوانن لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی تایبەت بە خۆراک خۆیان کەسەکە زیاد بکەن یان بریکاری خۆراکەکەیان بگوازنەوە.